کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو مانگ خۆڕاگری و بەرگری لە کۆبانێ و نزیک بە یەک هەزار و ٢٠٠ کوژراو

21:03 - 26 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی دوو مانگی رابردوو و بە هۆی هێرشی هێزەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر کۆبانێ، نزیک بە یەک هەزار و ٢٠٠ کەس کە زۆربەیان لە ئەندامانی داعش بوون، کوژراون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لە راپۆرتێکدا، رێژەی کوژراوانی دوو مانگی رابردووی کۆبانێ بە هۆی هێرشی هێزە تیرۆریستەکانی داعش بۆ شاری کوردستانی سووریە، بڵاو کردەوە.

بەپێی ئاماری چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، لە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاویدا (دەستپێکی هێرشی بەربڵاوی داعش بۆ کۆبانێ) هەتا ئێستا یەک هەزار و ١٥٣ کەس لە کۆبانێ کوژراون.

راپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو کراوەتەو دەرخەری ئەوەیە کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا کە شاڵاوی هێرشەکانی داعش بۆ کۆبانێ بەرینتربوون، ٧١٢ تێرۆریستی داعش لەلایەن بەرگریکاران و خەباتگێڕانی کوردەوە کوژراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا، ٣٩٨ کەس لە بەرگریکاران و پێشمەرگەکان، لە پێناو بەرگری لە کۆبانێ شەهید کراون.

بەپشت بەستن بە ئاماری چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، لە کاتی دەسپێکی شەپۆلی بەرینی هێرشەکانی داعش بۆ کۆبانێ هەتا ئێستا، ٢٧ هاووڵاتیی کوردی سێڤیل و ١٦ کەس لە ئەندامانی ئەرتەشی ئازادی سووریە‌گیانیان لە دەست داوە.

لەو پێوەندییەدا هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەی جیهانیی دژی داعش لە بەرگری لە کۆبانێ و درێژەی خۆراگری، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ماوەیەک لەمەوبەر لە ئامارێکدا رایگەیاندبوو کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەی جیهانیی دژی داعش لە رێکەوتی ١ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، ٤٦٤ کەس لە تێرۆریستانی داعش و ٥٧ کەس لە ئەندامانی بەرەی نوسرە (لقی ئەلقاعیدە لە سووریە) کوژراون.

زۆربەی حیزبە سیاسییەکان و لایەنە سیاسیەکان هەر چوار پارچەی کوردستان، وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە رێکەتی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، پشتیوانی و پاڵپشتی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕیوە و هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی جیهانییان بە دژی داعشی گریگ وەسف کرد.