کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی عەرەب لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران

17:40 - 10 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەدرێژەی شەپۆلی دەسبەسەركردنەكاندا دوو هاووڵاتیی عەرەبی خوزستان و ئەهواز لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.
كۆمیتەی مافی مرۆڤی ئێران بڵاو كردەوە، دوو چالاكی عەرەب بەناوەكانی عادل سیمیری و مەجید باوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكان گیراون و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراون.
عادل سیمیری لەشوێنی كارەكەی لە خوزستان دەستبەسەر كراوە و دواتر هێزە ئەمنیەتییەكان چوونەتە ماڵەكەی و سەرجەم كەلوپەلە شەخسییەكانیان لێ‌زەوت كردووە.

لەلایەكی دیكەوە مەجید باوییش لەشاری ئەهواز دەسبەسەر كراوە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆكاری دەسبەسەر كردنی ئەو چالاكە عەرەبانە نەزانراوە.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا شەپۆلێكی بەربڵاو لەدەستبەسەر كردنی چالاكانی عەرەب لەئێران دەستی پێكردووە و بەشێكی بەرچاو لە دەستبەسەر كراوەكان سزای زیندانی و تەنانەت ئیعدامیشیان بەسەردا سەپاوە.