کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران

13:24 - 27 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: پاش ١٠ رۆژ لە ناڕوونیی چارەنووسی ٢ چالاکی کرێکاری بەناوەکانی مێهرداد سەبووری و ئەفیشن نەدیمی، هەواڵی دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بڵاوبووەوە.


کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان بڵاویکردەوە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستانی باشوور لە خاکی ئێراندا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و هەنووکە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاراندا دەسبەسەرن.
بەپێی ئەم راپۆرتە هیچ زانیارییەک لە بارودۆخی تەندروستیی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لەبەر دەستدا نییە و هەتا ئێستا هیچ پێوەندییەکی تەلەفوونییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.
مێهرداد سەبووری تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری سنە و ئەفشین نەدیمی خەڵکی شاری کامیاران و لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان، ١٠ رۆژ پێش ئێستا لە کاتی گەرانەوە لە هەرێمی کوردستانەوە هەتا ئێستا بێ سەروشوێن بوون کە دوینێ رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر هەواڵی دەسبەسەرکرانیان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران بڵاو بووەوە.
پێشتر ئەفشین نەدیمی لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری کامیاران دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە سزای ٤ مانگ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.
ئەفشین پێشر لەوەش لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی، لەلایەن دادگای شاری کامیارانەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لەدژی رێژیم، حوکمی ٤ مانگ زیندانی بۆ بڕابووەوە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا ١٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.