کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بوون بە پارلمانتاری سوید

12:47 - 14 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بە هەژمارکردنی دوو پاڵێوراوی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتی سوید، ژمارەی پارلمانتارانی کورد لەو وڵاتە گەیشتە ٦ کەس.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شادیە حەیدەری لە حیزبی سوسیال دێموکرات و ئامینە کاکاباوە لە حیزبی چەپی سوید هەر دوو لە کوردستانی رۆژهەڵات لە پارلمانتارانی نوێی وڵاتی سویدن.

11062.jpg
ئامینە کاکاباوە


جەبار ئەمین و لاوێن دیدار لە کوردستانی باشوور و رۆزا هیدین و سرکان کاسی لە کوردستانی باکوور لەو پارلمانتارە کوردانەن کە لە پارلمانی سوید بەشدار دەبەن.

ئامینە کاکاباوە، جەبار ئەمین و رۆزا هیدین سێ پاڵێوراوی کوردن کە راستەوخۆ چوونەتە پارلمان و لاوێن دیدار، شادیە حەیدەری و سرکان کاسی وەکوو جێگر توانیان بڕۆنە پارلمانی سوید.

لە ئاکامی هەڵبژاردنی سەرتاسەری ١٤ی سێپتامبر لە وڵاتی سوید، دەوڵەتی ئیتلافی راست‌گەرا دەستی لە کار کێشایەوە و دەوڵەتی نوێش لون رێبەری سوسیال دێموکراتەکان دادەمەزرێنێت.

11061.jpg
شادیە حەیدەری


دەسەڵاتی سوید سەڵتەنەتی مەشروتەیە کە بەرپرسایەتی پاشا رواڵەتییە و بێ هیچ دەسەڵات و ئەرکێکی بەڕێوەبەرایەتی بەشێوەی سەمبولیک رێبەری وڵاتە.
پارلمانی سوید ٣٤٩ ئەندامی هەیە و ئەندامانی ئەو پارلمانە بە نیسبەت حەشیمەتی ئەو ناوچەیە لەلایەن خەڵکەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

سەرۆک پارلمانی سوید کەسێک وەکوو سەرۆک وەزیران هەڵدەبژێرێت کە پشتیوانیی زۆرینەی پارلمانی هەیە و سەرۆک وەزیرانیش کابینەی وەزیران هەڵدەبژێرت کە وەڵامدەری پارلمان بێت.