کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنووریەکانی بانە بریندار بوون

13:30 - 15 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی ناوچە سنوورییەکانی بانە، دوو کۆڵبەری کورد بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی سەر سنوور، دوو کۆڵبەری سەقزی کە لە خاڵی سنووریی سەیرانبەندی شاری بانە بە کۆڵبەرییەوە سەرقاڵ بوون، بە سەختی بریندار و کەمئەندام بوون.

ئەو سەرچاوەیە، لە درێژەی راپۆرتەکەی خۆیدا رایگەیاندووە؛ سەرەتای ئەم حەوتوویە ئەو رووداوە رووی داوە و بووەتە هۆی ئەوەیکە دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی عادڵ محەممەدیان و قادر نەباتی کە سەرقاڵی کۆڵبەری بوونە بە تووندی بریندار بن.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو مینە لەژێر لاقی قادر نەباتیدا تەقیوەتەوەو بەو هۆیەوە لاقێکی بەتوندی بریندار بووەو لە ئەنجامدا رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کراوەو لەوێش لاقی بڕدراوەتەوە.

هاوکات عادڵ محەممەدیان بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی مینەکەوە، بەتوندی بریندار بووەو بۆ چارەسەریی برینەکانی، بۆ یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی شاری تاران گوازراوەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی لە بەر دەستدا هەنووکە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە ناوچە سنوورییەکان (پارێزگاکانی سـنە، ئورمیە، کرماشان و ئیلام و خوزستان) بوونی هەیە.

بوونی ٢٠ میلیۆن مینی چێنراوی کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە کاتێکدایە کە رێژیمی ئێران هەتا ئێستا چەندین رێوڕەسمی تایبەتیی لەژێر ناوی خاوێن کردنەوەی کێڵگە مینەکان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لانیکەم ٣٨ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کوژرا و بریندار بوونە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارانە، تەنیا لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٣٣ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران و بەتایبەت خاڵە سنوورییەکان بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو بریندار بوون، کە لەکۆی ئەو ٣٣ هاوولاتییە کوردە، ٢٧ کەسیان بریندار بوونە و ٦ کەسی دیکەش گیانیان لە دەست داوە.