کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی سپای پاسدارن لە شەڕی سووریە کوژران

20:37 - 30 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: دوو ئەندامی سپای پاسدارانی رێژیم لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان دژبەرانی ئەسەد و ئەرتشی ئەو وڵاتە کوژران.


بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان، دوو ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیم بە ناوەکانی حوسێن نوسرەتی و مەحموود بەیزایی لە شەڕی سووریە لەگەڵ دژبەرانی ئەسەد کوژران.
ئەو کەسانە لە چوارچێوەی گرووپە نیزامییەکانی سپای پاسداران لە ژێر ناوی پارێزەرانی حەرەمی زەینەب لە خاکی سووریە شان بە شانی هێزەکانی ئەسەد لە دژی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی بەعسی ئەو وڵاتە شەڕ دەکەن.
ئەو ‌هێزانە لەگەڵ هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە چوارچێوەی گرووپە نیزامییەکان، سەرقاڵی شەڕی چەکدارین و رۆژانە بە دەیان کەسی ئەو گرووپە لە شەڕی سووریەدا دەکوژرێن.
کوژرانی ئەندامانی سپای پاسدارانی لە کاتێک دایە کە ئەندامێکی کومیسیۆنی ئەمنیەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی رێژیمی ئێران، ئامادەبوونی هێزەکانی سپای پاسدارانی لە سووریەی رەت کردبۆوە.
لەو پێوەندییەدا ماوەیەک لە مەو بەر لاوێکی کوردی سەرپێڵ زەهاوی بە ناوی عەلی کوڕی حەسەن لە سووریە کوژرا.
وڵاتانی عەرەبی، یەکیەتیی ئورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە کار و باری نێوخۆیی سووریە و پشتیوانیی لە بەشار ئەسەد تۆمەتبار کردووە.