کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی بنەماڵە مافخوازەکان و دەیان چالاکی سیاسی لە دەوڵەتی هولەند بۆ بەتیرۆیست ناساندنی سپای پاسدارن

10:28 - 14 پووشپەڕ 2724

سەدان چالاکی سیاسی، بنەماڵەکانی مافخواز و بەندکراوانی سیاسیی پێشوو کە دانیشتووی وڵاتی هولەندن لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە دەوڵەتی هولەند کردووە تاکوو هاوشێوەی ئەمریکا و کانادا سپای پاسداران بخاتە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

داواکاران لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە دەسبەسەرکرانی کەسێک بە گومانی تێرۆرکردنی ڕۆژنامەوانێکی ئێرانی لە هولەند جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتە کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە چالاکانی سیاسی و دژبەرانی خۆی و هەروەها هەڕەشە و تۆقاندن و تێرۆرکردنیان لە گرووپە تاوانکارەکانی وڵاتانی دیکە کەڵک وەردەگرێت.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە داڕشتنی گەڵاڵە و ڕێکخستنی ئەم سیاسەتە سیستماتیکانەی ڕێژیم لەلایەن دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانەوە لە وڵاتانی دیکە بەڕێوە دەچێت.

واژۆکەرانی بەیاننامەکە وێڕای مەحکوومکردنی هێرشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هولەند پشتڕاستیان کردووەتەوە کە یەکەمین هەنگاو لەم پێوەندییەدا هاوشێوەی دەوڵەتی کانادا، دانانی سپای پاسداران لە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهانە.

شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵێک لەلایەن میدیاکانی ئێسپانیا و هولەندەوە لە زاری پۆلیسی ئەم دوو وڵاتە بڵاو کرایەوە کە باسی لە دەسبەسەرکرانی تۆمەتبارێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران و بە ڕەچەڵەک توونێسی کردبوو کە هەوڵی کوشتنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئورووپایی دابوو.

موحرێز عەیاری کە لەلایەن پۆلیسی هولەندەوە لە ئامێستردام دەسبەسەر کراوە جگە لە هەوڵدان بۆ کوشتنی دژبەرانی ئێرانیی کۆماری ئیسلامی، هەوڵی کوشتنی سیاسەتمەدارێکی ئیسپانیاییشی لە مادرید داوە کە ئەم سیاسەتمەدارە لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەوە نزیک بووە.