کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکرانی ٢٠٠ کرێکاری شارەوانیی مەریوان

14:27 - 29 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاری کوردی سەرقاڵ لە پرۆژەکانی شارەوانیی مەریوان لەسەر کارەکانیان دەرکران.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، لانیکەم ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی کوردی شارەوانیی مەریوان، لە سەر کارەکانیان دەرکراون.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، رێژەیەکی هەرەزۆر لەم ٢٠٠ کرێکارە، سەرپەرەست و دابینکەری بژێویی بنەماڵەکانیانن.

هەواڵدەرییە ناوچەییەکان بڵاویان کردەوە کە ژمارەی کرێکارانی دەرکراو لە سەر کاری شیرکەتەکانی سەر بە شارەوانیی مەریوان، لە ٥٠٠ کەس تێپەڕیوە.

هەر یەک لەم کرێکارانە کە چەند مانگ مووچەی دواخراویان هەیە، خوازیاری بە دواداچوون بۆ کێشەکانیان بوون، بەڵام تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی ناوەندەکانی سەر بە رێژیم هیچ وڵامێکیان پێنەدراوەتەوە.

هەر لەم پێوەندیەدا، رۆژی دووشەممە رێکەتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کرێکارانی پێترۆشیمیی ئیلام کە ژمارەیان لەلایەن هەواڵدەریی کاری ئێران زیاتر لە ٧٠ کەس راگەیەندرابوو، لەبەر دەرکرانی بێ پاساو لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە و دواکەوتنی سێ مانگەی موچەکانیان، لە بەردەم دیوانی عەداڵەتی ئیداریی رێژیم لە تاران کۆبوونەوە.

دەوترێت کە ئەو کرێکارانەی پێترۆشیمیی ئیلام بە پیشێنەی کاریی ٢ هەتا ١٠ ساڵ، لە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ بێ هیچ پاساوێک لەلایەن بەرپرسانی پێترۆشیمیی ئیلام دەرکراون و چەند رۆژ دوای دەرکرانی ئەوان، کاربەدەستانی پێترۆشیمیی ئیلام زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری تازەیان بە بیانووی کەمیی هێزی مرۆیی دامەزراندووە.

بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری لە پارێزگا کوردنشینەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە سەرانەی داهاتی ئەو پارێزگایانە لە نێونجی ناوچەکانی دیکەی ئێران لە ئاستێکی زۆر کەمتر دابێت و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبووەنەوەی بێکاریی لە رادەبەدەر لە کوردستانی ئێران.