کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانی چالاکانی عەرەبی ئەهوازی درێژەی هەیە

16:01 - 10 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهواز لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو شارە چەندین هاووڵاتی کە لە چالاکانی ئایینی و فەرهەنگی عەرەبن دەستبەسەر و رەاونەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی، ئایینی و فەرهەنگی نەتەوە بندەستەکانی رێژیمی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە و پێشێلکردنی مافی ئاشکرای ئەو هاووڵاتیانە لەو ناوچانە بەردەوام درێژەی هەیە.

لە درێژەی دەستبەسەرکردنی چالاکانی عەرەبی ئەهوازی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین چالاکی ئایینی سووننە مەزهەب و هەڵبەستوانێکی عەرەبیان دەستبەسەر کردووە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران پاش دەستبەسەرکردن، ئەو هاووڵاتییانەی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە راگواستووە.

حاتەم حزباوی لە ناوچەی خرووسی، سەید محەممەد عەلی مووسەوی کوڕی لووئی تەمەن ٢٣ ساڵ و خێزاندار و ئەحمەد مەرعی کوڕی عەبدول‌ئەمیر تەمەن ٢٣ ساڵ لە ناوچەی قەلعە کەنعان و هەروەها حوسێن تائی خەڵکی گەڕەکی عەلەوی شوناسی ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەن کە لەو ماوەیەی دواییدا دەستبەسەر کراون.

بەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران لە ماڵی خۆیان ئەو هاووڵاتییانەی دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی کردوون.

هەروەها هێزە ئیتلاعاتییەکان رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی هەڵبەستوانێکی عەرەبی ئەهوازی بە ناوی شێنان شەحیتات خەڵکی تێلبوومە لە باکووری شاری ئەهواز لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کراوە.
هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو هەڵبەستوانە عەرەبە هۆنینەوەی هەڵبەستی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەیی لە رێوڕەسمی زەماوەندی یەکێک لە دۆستەکانی راگەیەندراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ چەندین چالاکی فەرهەنگی، سیاسی و ئایینی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەرکران.

مەهەدی مەجدەم، تورکی ئالبووخنفر، ئەمین زۆبەیدی و عەلی زەهیری شوناسی ژمارەیک لەو دەستبەسەر کراوانەیە و شوناسی ژمارەیەکی دیکەش لەو دەستبەسەر کراوانە هەتا ئێسا ناڕوونە.

درێژەی رەوتی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت نەتەوە غەیرە فارسەکان و نالەبارتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە حاڵێکدایە کە ساڵی رابردوو حەسەن رۆحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران بە دروشمی باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ هاتە سەر کار.

لەو پێوەندییەدا راپۆرتی رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ٦٩ـەمین کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرخەری دۆخی پەژارەهێنەری مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران دایە.

ئەحمد شەهید لەو راپۆرتەدا دەڵێت: لە سەرەتای هاتنەسەر کاری رۆحانی هەتا ئێستا ٨٢٥ زیندانی ئێعدام کراون و زۆربەی ئەو کەسانە بە تۆمەتی محاربە (شەڕ لەگەڵ خودا) ئیعدام کراون و لە نەتەوە ژێر دەستەکانی ئێران بوونە.

راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید باسی لە خراپتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پاش هاتنەسەرکاری رۆحانی کردبوو.