کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری خۆی

16:41 - 17 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری خۆی ژن و مێردێکیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامی لە شاری خۆی، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێرشیان کردووەتە سەر نوسینگەی موهەندیس زاهیرعەلیزادە و دەستیان بە سەرکۆمپیوتێر و کەلوپەلی ناوبراودا گرتووە.

راپۆرتی گەیشتوو باس لەوە دەکات، کە هێزەکانی رێژیمی ئێران، پاشان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی زاهیر عەلیزادە و بە بێ حوکمی دادگا دەستبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بێڕێزیان بە دایک و خوشکی کردووە و داویانیەتە بەر لێدان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە جەخت‌کردن لە سەر هەڕەشەکردن لەم بنەماڵەیە لەلایەن هێزە کانی ریژیمەوە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران ماشینی ئەم هاووڵاتییە کوردە یان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: کاتژمێر چواری دانیوەڕۆی هەمان رۆژ، هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ دووهەمین جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی موهەندیس عەلیزادە و هاوسەرەکەیان دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا رایگەیاندووە، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی پشتیوانی لە کۆبانێ و حیزبە کوردەکان دەستبەسەر کراوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٠٥ کەس لە هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکان و ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.