کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانی راستەوخۆی رێژیم لە یەمەن و تەقینەوە لە نزیک نیشتەجێبوونی باڵوێزی ئەو رێژیمە لە سەنعا

12:43 - 13 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە نزیک شوێنی نیشتەجێ بوونی باڵوێزی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەمەن تەقینەوەیەک رووی دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە‌هۆی دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی یەمەن و دەسەڵاتخوازیی ئەو رێژیمە لەو وڵاتە، تەقینەوەیەک لە نزیک شوێنی نیشتەجێ بوونی باڵوێزی ئەو رێژیمە لە سەنعا رووی‌دا.

راپۆرتە بڵاو کراوەکان لەلایەن هەواڵدەرییە جیهانییەکان دەرخەری ئەوەیە کە ئەو رووداوە بە هۆی تەقینەوەی ماشێنیکی بۆمب‌رێژکراو بووە و هەتا ئێستا سێ کەس کوژراون و چەندین کەس برینداری لێکەوتووەتەوە.
دەوترێت کە نیگابانی شوێنی نیشتەجێ بوونی باڵوێزی رێژیمی ئێران لە سەنعا لەو تەقینەوەیەدا کوژراوە.

رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتی یەمەن و پشتیوانیی دارایی لە شیعە حوسییەکان لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ئاسایش و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە بە قازانجی خۆی تێک بدات.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو عەبد رەببە مەنسوور هادی سەرۆک کۆماری نوێی یەمەن کە دوای لابردنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە، چەندین جار دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانی لەو وڵاتە مەحکوم کردووە.

عەبد رەببە لە گرووپی حوسییەکان وەک توندئاژۆیەکانی ژێر چەتری پشتیوانیی رێژیمی ئێران ناو دەبات و لەو پەیوەندییەدا سەبارەت بەو گرووپە وتوویەتی : حوسییەکان لە بواری ماڵی، چەک‌وچۆڵ و راهێنان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.