کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان هاووڵاتیی ئەفغانی بە دەستی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران، كوژران و بریندار كران

23:35 - 21 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لێپرسراوانی والی فەرا لەئەفغانستان رایانگەیاند، ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی ئەفغانی لەسەر سنوور بوونە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران و لەئەنجامدا ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
عەبدولڕەحمان ژوندی بەرادیۆی ئازادی وتووە: هەتا ئێستا بەشێوەیەكی روون رێژەی كوژراو و بریندارەكانمان بۆ دەرنەكەوتووە، بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەكان ٩ هاووڵاتیی بریندار بوون.
سەرچاوەكە لەزاری یەكێك لەو هاووڵاتیانەوە رایگەیاند، ئێمە كاتێك دەمانویست بچینە خاكی ئێران لەلایەن هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە پێشمان پێگێرا و لەكاتی گەڕانەوەمان بۆ خاكی ئەفغانستان دراینە بەر دەستڕێژ.
ئەو هاووڵاتییە ئاشكراشی كردووە، كاتێك كە هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران تەقەیان لێكردوون، لەناو خاكی ئەفغانستاندا بوون.

ماوەیەك لەمەوبەریش هێزە نیزامییەكانی رێژیم ١١ هاووڵاتیی ئەفغانستانی و پاكستانیان لەسەر سنوو كوشتبوو و تەرمەكانیشیان رادەستی بنەماڵەكانیان نەكردبوونەوە.
بنەماڵەی كوژراوەكان باڵوێزخانەی رێژیمی ئێرانیان لەپاكستان و ئەفغانستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دابوویە بەر بەرد و خوازیاری رادەست كردنەوەی تەرمی رۆڵەكانیان ببوون.