کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتێك لەسەر قەیرانی ئارد و كەمیی نان لەشارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات

18:24 - 28 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ماوەی چەند رۆژیكە قەیرانی ئارد و كەمیی نان لەشارەكانی كوردستان بەرۆكی هاووڵاتیانی گرتووە و لەگەڵ كێشەی جیدی بەرەوڕووی كردوونەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، نانەواییەكانی شارەكانی دێگولان، سنە، مەریوان و شنۆ سەهمیەی ئاردەكانیان لەلایەن شۆرای ئارد و نانەوە كەم كراوەتەوە و ئەو كەم كردنەوەی سەهمیەیە هاووڵاتیانی لەگەڵ بێ‌نانی بەرەوڕوو كردۆتەوە.
لەم چەند ساڵانەی دواییدا رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبەردەوامی پڕوپاگەندەی خودكفایی گەنمی لەراگەیەنەكانی دەكرد و لەو باوەڕەدابوو چیدیكە پێویستی بە هاوردە كردنی گەنم یان ئارد لەدەرەوە نیە.
هەنووكە دوای ئەو هەموو پڕۆپاگەندانە هاووڵاتیانی كوردستان لەگەڵ قەیرانی نان بەرەوڕوو بوونەتەوە و ناوەندە پێوەندیدارەكانیش لەبری چارەسەریی سەهمیەی نانەواییەكانیان كەم كردۆتەوە.

لەچەندین شاری كوردستان ژمارەیەك لەنانەواییەكان كار ناكەن و ئەوانەی كە كاریش دەكەن سەهمیەكانیان لەكەمی داوە و بەناچاری هەتا كاتژمێر ١٠‌ی سەربەیانیان نان دەكەن.

لەشاری دێگولان لەپارێزگای كوردستان ٤ هەتا ٥نانەوایی داخراون و ئەوە بۆتە كێشەیەكی جیدی بۆ خەڵكی و هەروەها لەشاری مەریوانیش لەسەر بڕیاری شۆرای ئارد و نان سەهمیەی نانەواییەكان كەم كراونەتەوە و خاوەن نانەواخانەكان تەنیا رۆژانە بای هەزار تمەن نان بە خەڵكی دەفرۆشن.

لەشاری شنۆش كەمیی ئارد وای كردووە كە نرخی نان بەشێوەیەكی بەرچاو چوونە سەر بەخۆیەوە ببینێت و ئەو گرانیەی نرخی نانە خواردنگەكانیشی گرتۆتەوە.

هاووڵاتیانی شاری سنەش بەدەست كەمیی نانەوە دەناڵێنن و بەشێك لە هاووڵاتیانی ئەو شارە بۆ وەرگرتنی چەند دانە نان ناچارن كە بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لەبەردەم نانەواییەكاندا رابوستن و زۆر جاریش و دوای چەندین كاتژمێر راوەستان نانیان دەست ناكەوێ‌.

كەمیی ئارد لەكوردستان و شوێنەكانی دیكەی ئێران لەحاڵێكدایە كە هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردبۆوە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی دابین كردنی نانی چەكدارەكانی رێژیمی سووریە سەد هەزار تۆن ئاردی رەوانەی ئەو وڵاتە كردووە.

وائێل ئەلحەقی سەرۆك وەزیری سووریەش ئەو هەواڵەی پشت راست كردۆتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا شارەكانی ئەراك، شاهروود، گەرمی و بەهارستانیش لە ئێران لەكەمیی ئارد و ئەو كێشەیە بێبەری نەبوونە.