کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ پارێزگای ئیلام و كرماشان پلەی دووهەم و سێهەمی بێكارییان لەئاستی ئێراندا هەیە

18:42 - 6 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: ئاماری بێكاری لەئێران گەیشتۆتە ترۆپكی خۆی و پارێزگای كرماشان و ئیلام پلەی دووهەم و سێهەمیان لەچاو پارێزگاكانی دیكەی ئێران لەرێژەی بیكاریدا هەیە.

سەرەڕای بەڵێنی و ئیدیعاكانی لێپرسراوانی رێژیمی ئێران لەپێوەندیی رەخساندنی هەلی كار، دۆخی كار و پیشە لەئێران هەروا ناڵەبارە و ئامارەكان باس لەدۆخی شپرزی ئابووری و رێژەی زۆری بێكاری لەئێران دەكەن.

بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لەساڵی ١٣٨٤دا نزیك بە ١١،٥% حەشیمەتی چالاكی ئێران بێكار بوون، ئەوە لەحاڵێكدایە كە هەتا كۆتایی ساڵی ١٣٩١ و بەپێی ئیدیعاكانی لێپرسراوانی رێژیمی ئێران لەمەڕ رەخساندنی هەلی كار بۆ یەك میلیۆن و ٦٠٠ هەزار كەس، ئەو ئامارە دوای ٨ ساڵ لەسەدا حەوت چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئامارەكە، نزیك بە ٩% حەشیمەتی چالاكی ئێران كاری ناتەواویان هەیە و ئەو رێژەیە لەنێو پیاواندا زیاتر بەرچاو دەكەوێ‌.

رێژەی بێكاری لەنێو لاوانی تەمەن ١٥ هەتا ٢٤ سالیشدا، ٩،٢٦% و ئەوانەش بە بەشێك لەحەشیمەتی چالاكی ئێران دێنە ئەژمار.

پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام لەدوای پارێزگای لورستان بە ریز پلەی دووهەم و سێهەمیان لەبواری بێكاریدا لەئێران هەیە.

سەرەڕای بەڵێنییەكانی بەرپرسانی شاری ئیلام لەمەڕ دابین كردن و رەخساندنی هەلی كار و هەروەها دەوڵەمەند بوونی ئەو پارێزگایە لە بواری نەوت و گازەوه، بەڵام ئیستاش زۆربەی لاوانی شاری ئیلام بێكارن.

بەپێی دوایین ئامارەكان، ئیلام لە ئاستی ئێراندا خاوەنی ١١% گاز و ٧% نەوتی سروشتییە و رۆژانە زیاتر لە ١٦٠ هەزار بەرمیل‌نەوت لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت.

بەوتەی بەرپرسانی خودی رێژیم زیاتر لە ٢٥% ـی خەڵكی ئیلام بێكارن و سەرجەم ئەو هەوڵانەی كە بۆ بنبڕ كردنی ئەو قەیرانە دراوە بێ‌ئاكام ماونەتەوه.
هەشت كۆمپانیای گەورەی پیشەییش كەلە بەڵێنییەكانی دەوڵەتی دەیەم بە خەڵكی ئەو پارێزگایە بووه، هەتا ئێستا هیچكام لەو بەڵێنیانە وەدی نەهاتوون.

لەپارێزگای كرماشانیش سەرەڕای ئەوەی رێژەیەكی زۆر بێكار هەیە، شاری سەرپێڵ زەهاویش لە بواری قەیرانی بێكارییەوە پلەی یەكەمی لە ناو شارەكانی پارێزگای كرماشاندا هەیە و لەو پێوەندییەدا لێپرسراونی ئەو پارێزگایە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.