کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ كێشەی كەم ئاوی لەبۆكان و بەڵێنییەكانی لێپرسراوان لەبەرەبەریی هەڵبژاردنەكاندا

17:46 - 8 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: بەدەسپێكی وەرزی گەرما هاووڵاتیانی شاری بۆكان لەگەڵ كێشەی كەم ئاوی بەرەروو بوونەتەوە و لەو پێوەندییەدا لێپرسراونی رێژیمی ئێران لەبەرەبەریی هەڵبژاردنەكان، بەڵێنی چارەسەرییان پێداون.
قەیرانی كەم ئاوی لەبۆكان تەنیا دانیشتوانی شارەکەی نەگرتۆتەوە بەڵكوو ئەو قەیرانە هەڕەشە لەوەرزێڕان و خاوەن كارگەكانیش دەكات و بەپێی دوایین بڕیاری ئیدارەی كەشاوەرزی، وەرزێڕان دەبی كاتێكی دیاری كراو بۆ ئاودانی مووچە و مەزراكانیان دیاری بكەن.
ئەو قەیرانە لەحاڵێكدایە كە بۆكان بەیەكێك لەشارە پڕ ئاوەكانی كوردستان دێتە ئەژمار، بەڵام بەشێكی بەرچاوی ئاوی رووبارەكانی ئەو شارە بە پۆمپاژ بۆ شارەكانی دیكەی ئێران دەگوازرێتەوە.
لەحاڵی حازردا رێژیمی ئێران چەندین پۆمپاژی گەورەی لەبەنداوی گوگجەلی و رووبارەكانی دیكەی ناوچەكانی بۆكان داناوە و ئاوی ئەو شوێنانە رەوانەی شاری تەورێز دەكات.
لەوپێوەندییەدا بەرپرسانی ئەو شارە بەڵێنی ئەوەیان داوە كە بە زووترین كات كێشەی كەم ئاوی چارەسەر دەكەن و هاووڵاتیانی شاری بۆكان لەو باوەڕەدان، لەو بەڵێنیانەمان زۆر بیستووە و باوەڕ ناكەین ئەو كێشە چارە سەر بكرێ‌.
بەوتەی هاووڵاتیان رەوانە كردنی ئاوی دەورووبەری شاری بۆكان بۆ شاری تەورێز چەندین ساڵە چۆتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە و ئەو كارە بەشێوەیەكی سیستماتێك ئەنجام دەدرێت.
هەر بە هۆی ئەو كەم ئاوێیەوە بەشێك لەبینا دووقاتەكانی شاری بۆكان هەتا نیوەڕۆ ئاوییان و هەیە و دوای نیوەڕۆییان لە ئاو بێبەرین.
كێشەی بێ‌ئاوی شارەكانی دیكەی كوردستانیشی گرتۆتەوە
ماوەیەكە چەندین شاری كوردستان لەگەڵ كێشەی كەم ئاوی و زۆر جاریش بێ‌ئاوی بەرەوڕوون و لەم دوایانەشدا ئاوی خواردنەوەی شاری سەڵماس لەهێندی شوێنی ئەو شارە تێكەڵ بە ئاوەڕۆی شار بووە.

چەندین گەرەك و ناوچەی شارەكانی وەكوو سنە، ناوچەی هەورامان و خۆی لەگەڵ كێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن بەرەوڕوون و هاووڵاتیان بۆ دابین كردنی ئاوی خواردنەوەیان بەناچاری روویان لەكرینی ئاو بە تانكێر كردووە.

هاووڵاتیانی شاری خۆی سەرەڕای بوونی بەنداوی ئاخچای لەخواردنەوەی ئاوی خاوێن و تەندروست بێبەرین و ناوەندە پێوەندیدارەكان هیچ هەوڵێكیان بۆ ئەو كێشەیە نەداوە.

لەلایەكی دیكەوە لە پێوەندیی كەم ئاوییدا دانیشتوانی ئاوایی دگاگا لەناوچەی هەورامان و شارەكی نایسەر لە شاری سنە لە نەبوونی ئاو بێبەری نەبوون و ئەوە بۆتە قەیرانێكی جیدی بۆ دانیشتوانی ئەو شوێنانە.