کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیاندنی مانگرتنی گشتی لە مەهاباد، دەستبەسەر کرانی دەیان هاووڵاتیی کوردی بە دواوە بوو

13:21 - 4 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: دوای بڵاوبوونەوەی بەرنامەی راپرسیی ناوەندی دەنگ ورەنگی مەهاباد، کۆمەڵێک لە لاوانی کورد رایانگەیاند کە ئەگەر بێتو ئەو ناوەندە داوای لێبوردن لە خەڵکی مەهاباد نەکات، ئەوە مانگرتنێکی بەرین پێک دێنن و هەر ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم دەیان هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر بکەن.

بەپێێ راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لاوانی مەهاباد سەبارەت بە راپرسیی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد و بەراورد کردنی مامۆستا حەسەن زیرەک لەگەڵ دوو گۆرانیبێژی پاپی فارس‌زمان، دژکردەوەیان نیشان دا.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی و حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مەهاباد دوای بانگەشەی لاوانی مەهابادی بۆ مانگرتنی گشتی، ئەو شارەیان بە هێزێکی زۆر میلیتاریزە کردووە و جۆڵە رۆژانەکانی هاووڵاتییانیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێرییەوە.

11473.jpg

دوای دەستنیشان کردن و راگەیاندنی کاتژمێر٤ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی سەرماوەز بۆ مانگرتنی گشتیی خەڵکی مەهاباد لە شوێنی پارکینگی تەنیشت باخی میکائیل، رێژیمی ئێران بۆ رێگری لە بەڕێوەچوونی مانگرتن، دەستی بە هەڕەشە، بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان کردووە.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی شاری مەهاباد، هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژمی ئیسلامی، دەیان هاووڵاتیی کورد و چالاکانی مەدەنییان بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە.

هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی دوو رۆژی رابردووی مەهابادی، خەبات مەنگوڕی تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی سلێمان و کامیار نازمی لە هەڵسووڕاوانی مەدەنیی کوردی خەڵکی مەهاباد راگەیەندراوە.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەیشی خستۆتەڕوو کە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە لاوانی شاری مەهاباد بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون.

هەندێک لە دەستبەسەر کراوەکان لە ئیدارەی ئیتلاعات و حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران راگیراون و لە چارەنووسی ژمارەیەکی دیکە لە دەستبەسەرکراوان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.