کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیاندنی هاوبەشی رێكخراوەكانی ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات سەبارەت بە بارودۆخی كۆبانێ

15:42 - 19 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا : رێكخراوەكانی ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات سەبارەت بە بارودۆخی كۆبانێ، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە:

بۆ ماوەی نزیك بە سێهەفتەیە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش هێرشێكی چرو پڕی بۆ سەر شاری كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان دەست پێكردووە و تا ئێستاش گەمارۆدانی ئەو شارە لەلایەن ئەم هێزە كۆنەپەرەست و دژە ئینسانیەوە بەردەوامە.

هێرش و پەڵامار و گەمارۆدانی كۆبانێ، بووەتە هۆی ئاوارە بوونی نزیك بە ٢٠٠ هەزار كەس لە خەڵكی ئەو شارە و لە لایەكیترەوە بە هەزاران كەسیش لەو شارەدا ماونەتەوەو بە شێوەیەكی قارەمانانە بۆ بەرگری لە كۆبانێ و دانیشتووانی خۆڕاگرانە لە سەنگەرەكانی بەربەرەكانیدا دەجەنگن.

بۆ بەرگری لە كۆبانێ ، ژنان و كچانی قارەمانی رۆژئاوای كوردستان لە سەنگەرەكانی بەرگری لەم شارە خۆشەویستە دەیان داستانی قارەمانانەیان خوڵقاندووە كە بووەتە جێی شانازی بۆ نەتەوەكەمان و میدیا و ناوەندە جیهانیەكان بە شانازیەوە باسیان لێوە دەكەن.

هەر لەو پێوەندییەدا وەك هاوپێوەندی و هاوسۆزی نەتەوەیی دەبینین چون خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و یەك لەوان ژنان چۆن چالاكانە بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان بۆ كۆبانێ دەردەبڕن و جارێكیتر پاڵپشتی راستەقینەی خۆیان وەك رابردوو بۆ پارچەیەكی تری كوردستان دووپات دەكەنەوە.

ئێمە وەكو رێكخراوەكانی ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات وێرای مەحكووم كردنی دەستدرێژی و هێرشەكانی داعش بۆ سەر خەڵكی كۆبانی، پشتیووانی و هاوپێوەندی خەباتی خۆمان لە خەڵكی ئەو شارە و ژنانی تێكۆشەری بەرەكانی خۆراگری دەردەبڕین و لە لایەكی تریشەوە ماندوو نەبوون و دەست خۆشی لە خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات بە گشتی و ژنان بە تایبەت دەكەین، كە چۆن شێلگیرانە بۆ پشتیوانی لە كۆبانێ و دەربڕینی داواكاریە راستەقینەكانیان لە ژێر سایەی دیكتاتۆریەت و سیستمی خەفەقان و سەركوتتدا دێنە دەنگ و مەیدانەكانی خەبات زیندوو رادەگرن.

سەركەوتن بۆ خەباتی رەوای گەلی كورد، نەمان بۆ تیرۆرستان.

كۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
ئاسۆی ژنی كورد
یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستان
رێكخراوی ئازادی ژنانی كوردستان_نینا
رێكخراوی ئافرەتانی خەباتی كوردستانی ئێران
١٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی