کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات (ژمارە ٢)

16:17 - 3 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: لیژنەی ئامادەکاری یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی کوردستانی ئێران راگەیەنراوی ژمارە ٢ی خۆی بڵاوکردەوە.

دەقی ئەو راگەیەنراوە کە نوسخەیەکی بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە بەم چەشنەیە:


لاوانی خۆڕاگری نیشتمان!
ئەندامان و لایەنگرانی رێکخراوەکانی تایبەت بە لاوان!
خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
هەروەک لە راگەیەندراوی ژمارە (١)ی لێژنەی ئامادەکاری یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات لە‌ژێر دروشمی \'\'یەکڕیزیی لاوان، بەرەو داهاتوویەکی گەش\'\' لە رێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی‌ هەتاوی، بە ئاگاداریی ئێوە لاوانی ئازیز گەیشت، سەبارەت بە کۆنفڕانس و ئاگادارکردنەوە لە بەڕێوەچوون و‌داواکردن لەو کەسانەی خوازیاری بەشداری کردنن، \'\'سی ڤی\'\' خۆیان بۆ لێژنەی ئامادەکار بنێرن.
بەم پێیە پاش چەندین کۆبوونەوە و دانیشتنی لێژنەی ئامادەکار سەبارەت بە میکانیزم و ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکە بۆ ئاگاداریی ئێوەی ئازیز، رادەگەیەنین کە کۆمیتەی ئامادەکار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ساغ بوونەتەوە و بەرنامەی کاری کۆنفڕانس، بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت:
یەکەم: کۆنفڕانس لە کۆتایی‌یەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا دەبەسترێ.

دووهەم: کۆنفڕانس لە‌ماوەی یەک رۆژدا بە بەشداری ١٥٠ نوێنەر کارەکانی بەڕێوه ‌دەبا.

سێیەم: تەوەرەکانی کۆنفڕانس ئەم بابەتانە لەخۆ دەگرێ:

ــ ئەنفالی سپی و کاریگەریی لەسەر لاوانی رۆژهەڵات!

ــ دیاردەی کۆچی لاوانی رۆژهەڵات بەرەو هەندەران!

ــ ئیسلامی سیاسی و دەرەنجامەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا!

ــ ئێعدام و دەسبەسەرکرانی لاوانی رۆژهەڵات!

ــ بەربەست و لەمپەرەکانی گەیشتن بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان!

ــ دەور و رۆڵی لاوان لە شۆڕشی رزگاریخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا!

ــ خواست و چاوەڕوانییەکانی لاوانی رۆژهەڵات!

ــ چۆنیەتیی ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچەی کوردستان!

چوارەم: بۆ‌رێژەی بەشداربووانی کۆنفڕانس، لە سیستمی کۆتای ٤٠% بۆ رەگەزی بەرامبەر (نێرو مێ)، دیاری کراوە.


لە کۆتاییدا، لە سەرجەم راگەیاندن، ئەحزاب، کەسایەتی، رێکخراوەکان و لاوانی هەر چوارپارچەی کوردستان داواکارین، تا رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز بەرامبەر بە ١١ی دێسامبری ٢٠١٣ی زایینی لە رێگەی ئیمەیلی کۆنفڕانس \'\'[email protected]\'\' و نوێنەرانی سەرجەم رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیام و سەرنج و پێشنیارەکانی خۆتان، بنێرن.
لاوانی هێژا‌و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە رادەگەیەنین ئەو کەسانەی خوازیاری بەشداری کردن لە کۆنفڕانس ‌دان و تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵه،‌دەتوانن (C.V)ی خۆیان بە مەبەستی بەشداری كردن لەم كۆنفرانسه، بە ئێمەیلی \'\'[email protected]\'\' بۆ لێژنەی ئامادەکار بنێرن.
سەربەرزی و سەرکەوتن بۆ یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات


لێژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس
٤ی سەرماوەزی ٢٧١٣ی کوردی
٢٥ی نۆڤامبری ٢٠١٣ی زایینی