کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوی هاتوچۆ لە مەریوان و سەردەشت ٦ قوربانیی لێکەوتەوە

18:01 - 21 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری سێ‌ئێف و پراید لە رێگای سەردەشت ــ نەڵۆس، ٢ هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و ٢ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە دوو رووداوی جیاجیادا لە مەریوان و سەردەشت ٦ هاووڵاتی بوونە قوربانی.

ئومید رەشیدی و ئوستاد محەممەد خەیات، ناوی دوو کەس لەو هاووڵاتییانەیە کە بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە رێگای سەردەشت ــ نەڵۆس گیانیان لە دەست داوە.

لەم رووداوەدا ٢ هاووڵاتیی دیکەش بە توندی بریندار بوون.

لەو پێوەندییەدا لەسەر رێگای پاوە ــ مەریوان لە نزیک گوندی دەرەکێ بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری سێ‌ئێف، هاووڵاتییەک گیانی لە دەست دا و یەکیکیش بە توندی بریندار بوو.

محەممەد محەممەدیان خەڵکی گوندی \'\'دەرەکێ\'\' ناوی ئەو هاووڵاتییەیە کە لەو رووداوەدا گیانی لە دەست داوە.

خراپیی رێگاوبان، ناستانداردیی رووداوەکانی هاتوچۆ، نەبوونی هێمای ئاگادارکەرەوە و لە زۆربەی شوێن و جاددەکاندا، نەبوونی لەمپەری تایبەت بە جاددە شاخاوییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستانە.

بەپێی ئاماری پزیشکیی یاسایی ئێران لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، یەک هەزار و ٧٧٢ هاووڵاتی بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران (ئورمیە، سنە، کرماشان و ئیلام) گیانیان لە دەست داوە.