کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوی هاتوچۆ لە کوردستان دیسانەوە قوربانیی گرت

14:14 - 24 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی خەڵکی دەوروبەری پاوە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی لە شارەدێی قۆری قەڵا گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە شارەدێی \'\'قۆری قەڵا\'\'ی سەربە شاری روانسەر، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری \'\'سایپا\'\' وەرگەڕا و لە ئەنجامدا لێخوڕەکەی گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئەم راپۆرتە لێخوڕی ئەو ئۆتۆمبیلە کەسێک بەناوی نەریمان رۆستەمی\'\' تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \'\'سەرکەران\'\'ی سەربە شاری پاوە بووە.
خرابیی رێگاوبانەکانی کوردستان بەگشتی و لە وەرزی زستاندا بەتایبەتی، ناستانداریی ئۆتۆمبیل و هەروەها نەبوونی هێماکانی هوشیارکەرەوەی هاتوچۆ لە هۆکارە سەرکییەکانی رووداوی هاتوچۆ لە کوردستان دایە.
رووداوێکی هاتوچۆ لە دێهلۆڕان ١٦ قوربانیی لێکەوتەوە


نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار، لە رێگای دێهلۆڕان ــ ئەندیمێشک بەهۆی لادانی ئۆتۆمبیلێکی جۆری سەمەند، می‌نی‌بووسێک تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو و لە ئەنجامدا ١٥ هاووڵاتی بریندار بوون و یەکێکش گیانی لە دەست دا.
بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تەیار بە ئامرازی پێشکەوتووی پزیشکی لە پارێزگای ئیلام، ٤ کەس لەو بریندارانە کە برینی قووڵ و توندیان هەڵگرتووە، بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگای خووزستان راگوێزراون.
لە بریندارەکانیشدا کە ژنێکی دوو گیان بە توندی بریندار بووە و منداڵەکەشی گیانی لە دەست داوە، باری تەندروستیی خراپ راگەیەنراوە و بەهۆی خوێن‌ڕێژیی لە رادەبەدەر هەتا ئێستا رەوانەی نەخۆشخانەکانی خووزستان نەکراوە.
مردن بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سنه لەسەدا ١١ زیادی کردووە


بەڕێوەبەری پزیشی یاسایی پارێزگای سنه رایگەیاندووە: لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ٣٢٢ بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سنه گیانیان لە دەست داوە کە بە بەراورد لەگەڵ ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لەسەدا ١١ زیادی کردووە.
ئەو بەڕێوەبەرە بە هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکانی وتووە: بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە کە لەلایەن ناوەندەکانی پزیشکی یاسایی لە ئاستی پارێزگای سنه کۆکراوەتەوە، بە گشتی لەو ٣٢٢ کەسە کە بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە ٩ مانگدا گیانیان لە دەست داوە، ٢٤٢ کەسیان لە رەگەزی پیاو و ٨٠ کەسیش ژن بوون.

7647.jpg


بەپێی ئەم راپۆرتە لەو ٩ مانگەدا ٢٥٣ هاووڵاتیی لە رووداوەکانی هاتوچۆ لە رێگای نێوان شارەکان گیانیان لە دەست داوە کە زیاترین رێژەی قوربانیانی ئەو ئامارەی لەخۆ گرتووە.
هەروەها ٣٩ حاڵەتی گیان لە دەستدان بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگای سنه لە نێو شارەکانی ئەو پارێزگایە رووی داوە و ٢٩ حاڵەت لە رێگای گوندەکان و حاڵەتێکیش شوێنەکەی ناڕوون راگەیەنراوە.
هەروەها لەم ٩ مانگەدا ٤ هەزار و ٣٣١ هاووڵاتیش بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سنه بریندار بوون کە ٣ هەزار و ١٠٠ کەسیان لە رەگەزی پیاو و ٢٣١ کەسیشیان ژن بوون کە بە بەراورد لەگەڵ ٩ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، ٣% زیادی کردووە.