کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژ لە دوای رۆژ حاڵەتەکانی وازهێنان لە خوێندن لە پیرانشار روو لە زیادبوون دەکات

19:57 - 12 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: رێژەی حاڵەتەکانی وازهێنان لە خوێندن لە قوتابخانەکانی کوردستان و بەتایبەت لەنێو قوتابییانی پیرانشاریدا رۆژ لەدوای رۆژ زێاتر دەبێت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی حاڵەتەکانی وازهێنان لە خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەمەش بۆ جارێکی دیکە سیاسەتی هەڵاواردنی رێژیمی ئێران لەهەمبەر نەتەوەی کورد دەسەلمێنێت.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) لە زاری فەرمانداری شارستانی پیرانشارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر لەم ساڵی خوێندندا بەناچاری وازیان لە خوێندن هێناوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو زیادی کردووە.
نەبوونی خوێندنگا بۆ قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران، ساڵانە دەبێتە هۆی وازهێنانی قوتابییانی کورد و بەتایبەت قوتابییانی کچ لە خوێندن.
زیادبوونی رێژەی حاڵەتەکانی وازهێنان لە خوێندن لە کوردستانی ئێران لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران و ناوەندەکانی ئاماری رێژیم، بەردەوام هەواڵی بنبڕکردنی نەخوێندەواری بڵاو دەکەنەوە.
وەرگرتنی پارە لە قوتابییان بە شێوەی نایاسایی لە قوتابییانی کورد لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران و دەستکورتیی بنەماڵەکان لەمەڕ دانی ئەو بڕە پارەیە بە خوێندنکاگان، کاریگەریی لە وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن هەیە.
گوشاری ئابووری، کەمیی داهات و هەژاری، بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی بنەماڵەی قوتابییان لە دانی ئەو بڕە پارەیە خۆ ببوێرن و بەم هۆیەشەوە زۆربەی قوتابییانی کورد لە گوندەکان لەگەڵ مەترسیی دەرکران و وازهێنانی لە خوێندن بەرەوڕوو کردووەتەوە.
سیاسەتی رێژیمی ئێران لەم پێوەندییەدا لە چەند ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی وەرگرتنی پارە لە قوتابییانی خۆی نواندووە و رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەم شێوازە هەوڵی نەخوێندەوار کردن و دابەزاندنی ئاستی خوێندن لە ناوچەکانی کوردستاندا دەدات.
بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.
هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە، دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرە پێ بدات.