کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێورەسمی رێزگرتن لە شەهیدانی حەماسەی شنۆ بەڕێوە چوو

19:34 - 30 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: لە کۆڕی ڕێزگرتن لە یاد و تێکۆشانی شەهیدانی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پەیمان نوێ کردنەوە لە گەڵ ئامانجی شەهیدان و پێداگری لەسەر پەیمانی حیزب لەگەڵ خەڵکەکەی و نەتەوەکەی، هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی دا کە بە کوشتن و سەرکوت و ماڵوێرانکردن ناتوانێ خەڵکی کورد و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی لە داوا ڕەواکانیان پاشگەز بکاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ساڵۆنی گشتیی ناوەندی سێی کوردستان، ڕێورەسمی ڕێزگرتن لە شەهیدانی نوێی خەباتی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو. لەو ڕێورەسمەدا بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزب و هەیئەتی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەندامانی ڕێبەری و کادر وپێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و بنەماڵەکانیان و بنەماڵەی شەهیدانی تازەی خەباتی حیزب بە سروودی ئەی ڕەقیب و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێکرد.

سەرەتای ڕێورەسمەکە سدیق دەرویشی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندی سێی کوردستان پاش بەخێرهاتن کردنی هەموان و بەتایبەت میوانان، باسێکی کورتی لە سەر بڕیاری نوێی حیزب بۆ دەسپێکردنی قۆناغی نوێی خەبات و ئەرک و مەئمووریەتی ئەو پێشمەرگانە کە لە شنۆ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم دەرگیربوون، پێشکەش کرد و کورتەیەکی لە سەر ڕووداوەکە و تەڵەفاتی ڕێژیم و قارەمانەتیی پێشمەرگەکانی حیزب باس کرد.

دواتر مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب چەند وتەیەکی سەبارەت بە ڕووداوەکە و شەهیدبوونی پێشمەرگەکان و ئەرک و پی ئەسپێردراویی ئەو پۆلە پێشمەرگە پێشکەش کرد. بەڕێز هیجری لە قسەکانیدا وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر دڕندەیی و دژی گەلی بوونی کۆماری ئیسلامی، ئاماژەی بەوە دایەوە کە ئەو زەبر و زەنگ و دڕندەییانەی ڕێژیم ناتوانێ حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد و ڕۆڵە خەباتکارەکانی لە ویست و داواکانیان پاشگەز بکاتەوە و کوردستان بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەچۆکدا نایە.

مستەفا هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە هەرچەند ڕووداوی لەدەستدانی ئەو پۆلە پێشمەرگە گیان لەسەردەستە تاڵ و دڵتەزێنە، بەڵام ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە هەڵسەنگاندنی هەموو ستەمکارییەکانی ڕێژیم و بە هەڵسەنگاندنی هەزینەکانی خەبات، و بە لێکدانەوەی هەمەلایەنە بڕیاری نوێ کردنەوەی خەباتی داوە و سوورە لە سەر گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شار و بەردەوامە لەسەر هەڵبژاردنی ڕێگای پڕ شانازیی خەباتی نوێ.

سکرتێری حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا، ئاماژەی بەوەدا کە بەشداریی حیزب و لایەن سیاسیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان لەم ڕێورەسمەدا نیشان دەدا کە گەرچی جیاوازیی سیاسی و بیرکردنەوەمان هەیە، بەڵام هەموومان سەر بە یەک بەرژوەندیی باڵا و یەک بیرکردنەوەین کە ئەویش هاوپێوەندیمان لە سەر پاراستنی نیشتمانە. دوژمنانمان لە هەموو لایەکەوە پەنجەیان لە خوێنمان وەرداوە و ئێمەش پێویستە کە یەکگرتوو و یەکڕیز بین بۆ بەرەنگاریی تیرۆریستان و دوژمنان و ناحەزانی کورد لە هەموو سیماکانیاندا.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی قسەکانیدا وێرای هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ گەلی کورد و ئەندامانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدانی تازەی خەباتی نوێ، بەڵێنی پێداگری لەسەر پەیمانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ شەهیدان و لەگەڵ خەڵک دایەوە ومزگێنیی دا بەخەڵک کە حیزبی دێموکرات وەک هەمیشە پێشەنگی خەباتی نەتەوەیی بۆ گەیشن بە ژیانی سەربەرزانە دەبێ.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێورەسمەکەدا سدیق دەرویشی ژیاننامەیەکی کورتی پۆلە شەهیدەکانی باس کرد و دواتر ئاماژەی بە ناوی ئەو حیزب و
لایەنە سیاسیانە کرد کە یان بە هەیئەت لەو ڕێورەسمەدا بەشدار بوون، یان برووسکەی سەرەخۆشی و هاوخەمییان ناردبوو کە بریتین لە:
١- پارتی دێموکراتی کوردستان
٢- یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
٣- هاوڕێیانی پێشوو
٤- ه. د. پ
٥- ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە
٦- حیزبی شیووعیی کوردستان
٧- پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور
٨- پارتی وڵاتپارێزی کوردستان
٩- بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان
١٠ پارتی دێموکراتی کوردستان- سووریە
١١- پارتی دێموکراتی کوردستان- باکوور
١٢ پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد- سووریە
١٣- حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٤- حیزبی ڕزگاریی کوردستان
١٥- پارتی لیبڕاڵ دێموکراتی کوردستان
١٦- پەیامی یەکیەتیەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٧- کۆمەڵە‌ی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٨- یەکیتی نیشتمانی کوردستان/مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکان
١٩- پارتی ئازادی کوردستان
٢٠- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
٢١- حیزبی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە
٢٢- سەرۆكی یەكیتی ڕۆشنبیرانی نەتەوەیی كورد
٢٢- دکتور مەحموود عوسمان
٢٣- عەبدولحەمید دەرویش، سکرتێری پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریه

15372.jpg

15375.jpg

15373.jpg

15374.jpg