کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران پێش بە کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری مەریوان دەگرێت

15:29 - 1 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: زیاتر لە ٣ رۆژە دارستان و لێڕەوارەکانی گوندی دەرەوەران لە شارستانی مەریوان دەسووتێن و هێزە نیزامییەکانی هەنگی مەرزیی مەریوانیش پێش بە کۆنترۆڵی ئاگرەکە دەگرێت.


ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بڵاوی کردەوە، دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکانی \'\'دەرەوەران و هەنجیران\'\' سەربە بەخشی خاو و میراوای شارستانی مەریوان، بەهۆی لێژایی زۆر توندی ناوچەکە، زۆر و پڕبوونی دارستانەکان، زۆربوونی وشکەدار کە ساڵانی رابردوو بەهۆی ئاگرەوە سووتابوون، هاتنی با و پێشگیریی هێزەکانی رێژیم لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بەردەوامیی ئەو ئاگرەن.

ئەو دارستانانە کەلە هێڵی سنووریی زاڵ بەسەر پایگای \'\'کەلە ملە\'\' و تاوەرەکانی چاودێریی ئەو پایگایە هەڵکەوتووە، بەشێک لە باشترین دارستانەکانی ناوچەکە کە کۆمەڵێک روەک و گیان لەبەری لەخۆ گرتووە، دێتە ئەژمار و سەرەڕای ئامادەبوونی چەندین تیمی ئاگرکوژێنەوەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و بەشداریی بەربڵاوی خەڵک، هەتا ئێستا نزیک بە ٦٠٠ هێکتار لەو دارستانانە سووتاون.

ئەو ئاگرکەوتنەوە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ دەستی پێ کردووە و پاش چەند کاتژمێر بە هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان خەڵکی ناوچەکە کاتژمیر ٤ی نیوە شەو کۆنترۆل کرا، بەڵام کاتژمیر ٢ی پاش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ئەو ئاگرە دیسان هەڵگیرسایەوە.

٧٥ ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە قاڵبی ٥ تیمی بە ئەزموونی ١٥ کەسی لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەدا ئامادەن و سەرەرای ئەوەی کە ناوەندە پێوەندیدارەکانیان ئاگادارکردبووەوە، لەلایەن هەنگی سنووریی مەریوانەوە لە کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەدا پێشگیرییان لێ کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئاگرەکە هەر بەردەوام بووە.