کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: بوونی قاسم سلێمانی لە عێراق، پێشێلکاریی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانە

14:22 - 18 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە هەڵسووڕانی قاسم سلێمانی لە عێراق، وەک پێشێلکاریی گەمارۆ پەسند کراوەکانی دژی سوپای قودس و ئەم فەرماندەی نیزامیەی رێژیمی ئێران لەبەر چاو دەگیردرێت.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەری رویتێرز و بە پشتبەستن بە راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێنە بڵاوکراوەکانی قاسم سلێمانی، فەرماندەری سوپای قودس، لقی دەرەوەی سنووری سپای پاسداران، دەرخەری ئەوەیە کە ئەم فەرماندەی نیزامییە بەشداریی لە گرژییەکانی ئێستای عێراقدا هەیە.

سەرەڕای وێنە بڵاو کراوەکانی قاسم سلێمانی لە عێراق، ئەمیرعەلی حاجی‌زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵێکی تەلەڤیزیۆنی، جەختی لە سەر بوونی قاسم سلێمانی لە عێراقدا کرد.

بەپێی ئەم راپۆرتە، شاندی کارناسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران کە چاوەدێری بەرێوەبەریی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی داسەپاو بە دژی رێژیمی ئێران دەکەن، لە پێوەندی لەگەڵ هەڵسووڕانی قاسم سلێمانی لە عێراق راپۆرتێکیان بڵاو کردەوە.

لەو راپۆرتەدا، بەشداریی قاسم سلێمانی لە عێراقدا وەک پێشێلکاری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی دژی رێژیمی ئێران و ئەم فەرماندەی نیزامییەی رێژیم لە قەڵەم دراوە.

ناوی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودس، ساڵی ١٣٨٦ لەلایەن شۆرای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خرابوە سەر لیستی گەمارۆ پەسەن کراوەکان، ئەم گەمارۆیانەی شۆرای ئەمنییەت مەنعی سەفەری نێودەوڵەتی و دەست بەسەر داگرتنی داراییەکانی فەرماندەی سپای قودسی لەخۆ گرتبوو.

دوای شۆرای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی خەزانەداری ئامریکایش قاسم سلێمانیی و یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی باڵای سپای قودس بە ناوی موحسێن چیزەری بە هۆی بەشداری هێزەکانی رێژیمی ئێران لە سووریە و سەرکوتی دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد، خستبووە لیستی گەمارۆکانەوە.

چەند رۆژ پێشتریش، جان بورد، وەزیری دەرەوەی کانادا لە دانیشتنی مەنامە لە بەحرەین، قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی نوێنەری تیرۆر لە ناوچەدا ناودێر کرد.