کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور: بازنەی ئازادیی رادەربڕین و چاپەمەنییەکان لە دەوڵەتی رووحانیدا توندتر لە دەوڵەتەکانی پێشووترە

15:09 - 29 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە بەیاننامەیەکدا لە بارودۆخی ئازادیی رادەربڕین لە دەوڵەتی رووحانی، رەخنەی گرتووە و بێ‌هیوایی خۆشی لە بواری ئازادیی چاپەمەنییەکان لە ئێراندا دەربڕیوە.


لە بەیاننامەی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنووردا لەسەر توندتر بوونەوەی بازنەی ئازادیی رادەربڕین و چاپەمەنییەکان لە دەوڵەتی نوێی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا پێداگریی کردووەتەوە و بەڵێنییەکان \'\'حەسەن رووحانی\'\'ی لەو خولە لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بە نمایشی لە قەڵام داوە.
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها ئاماژە بە بەڵێنییەکانی حەسەن رووحانی لە هەڵبژاردنەکاندا وەکوو \'\'ئازادیی زیندانییانی سیاسی، ئازادیی رادەربڕین و چاپەمەنییەکان\'\' کراوە و راشیگەیاندووە کە سەرکۆماری رێژیمی ئێران بەو بەڵێنییانە بوو توانیی سەرنجی خەڵکی ئێران بەرەولای خۆی رابکێشێت.
لە بەیاننامەی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنووردا هەروەها ئاماژە بە بارودۆخی رۆژنامەنووسان، وێب‌نووسان و رۆژنامەکان کراوە و رەخنە لە بارودۆخیان گیراوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا لەسەر بارودۆخی خراپی هەندێ لە رۆژنامەنووسان و وێب‌نووسانی بەنداکراو و مەحکوومییەتی هاووڵاتییان وەکوو برایانی کوردپوور، لەلایەن دادگای رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، باس کراوە.
رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور هەروەها لە درێژەدا باسی لە فیلترینگ و چوارچێوەدار بوونی ئینترنێت لە ئێراندا و حاڵەت‌گەلیکی وەکوو هەڕەشە و بانگهێشتنی رۆژنامەنووسانی ناوخۆ و بنەماڵەی ئەو رۆژنامەنووسانە کەلە راگەیەنەکانی دەرەوەی ئێراندا کار دەکەن، کردووە.