کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رەخنەی توندی ئەردۆغان لە سیاسەتەکانی خامنەیی سەبارەت بە سووریە

12:39 - 4 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: سەرکۆماری تورکیە لە لێدوانێکدا لە زانکۆی مەڕمەڕەی ئیستانبوول رەخنەی توندی لە پاساوهێنانەوەی خامنەیی بۆ پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد گرت.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی دویچەوێلە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکدا لە زانکۆی مەڕمەڕەی ئیستانبوول باسی لە وتووێژی ئەم دواییانەی خۆی لەگەڵ خامنەیی کرد و رایگەیاند کە خامنەیی لە وڵامی پرسیارەکەیدا سەبارەت بە نەبوونی دژکردەوەی ئێران بە کوژرانی ٢٥٠ هەزار سووری لە رەوتی شەڕی نێوخۆیی رێژیمی ئەسەد لەگەڵ دژبەرانی وتوویەتی تەنیا کەسێک کە بەرەنگاری ئیسرائیل دەبێتەوە بەشار ئەسەدـە.

عارف کەسگین لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتژیکی تورکیە لەو پێوەندییەدا دەڵێت: ئەردۆغان بە وتنی ئەو قسانە، تابۆی رەخنەگرتنی تورکیەی لە رێبەرانی ئێران شکاندووە.

پێشتریش ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جێگری وەزیری کاروباری دەرەوی رێژیمی ئێران دەوڵەتی تورکیەی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە: لە هەوڵی پێکهێنانی سەردەمی عوسمانی نوێ لە ناوچەکە دایە و لە بەرانبەریشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیە وتی کە تورکیە لە بڕیاردان لە بارەی تەناهی نەتەوەیی لە ژێر سێبەری یاسا نێونەتەوەییەکان پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن لە کەس نییە وڵامی وەزیری دەرەوەی ئێرانی دابووەوە.

شارەزایانی پرسە سیاسییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو باوەڕەدان، دابەزینی رێژەی بازرگانیی نێوان تورکیە و ریژیمی ئێران لە ماوەی رابردوودا دەرخەری ئەوەیە کە رێژیمی ئێران و دەوڵەتی تورکیە ناکۆکیەکی قووڵیان هەیە و ئەو مەسەلەیەش هەتا رادەیەک پەیوەندیی بە پرسی سووریە و پشتیوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەشار ئەسەد هەیە.

رێژیمی ئێران لەژێر رێبەریی خامنەیی لە شەڕی نێوخۆیی سووریە یەکێک لە سەرەکی‌ترین پشتیوانانی حکوومەتی بەشار ئەسەدە و رێژیمی ئێران لە سەرکوت، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و کوشتنی دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد رۆڵێکی گرینگی هەیە.
پشتیوانی هەمە لایەنەی رێژیمی ئێران لە رێژیمی سووریە چەندین جار لەلایەن خودی بەشار ئەسەدوە تەئید کراوە.