کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٥٠ سەر لە مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی بیجاڕی لەلایەن کەسانێکی چەکدارەوە رفێنرا

15:55 - 20 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێڕشیان کردووەتە سەر مەڕوماڵاتی گوندنشینانی ناوچەی بیجاڕ و ٥٢ سەر لە مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانیان رفاندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دیاردەی دزینی مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی بێ‌‌دیفاعی بیجاڕی چەندین ساڵە بەردەوامە و ئەمەش بووتە مەترسییەک بۆسەر دارایی و ژیانی کۆمەڵایەتیی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە.
دانیشتوویەکی یەکێک لە گوندەکانی بیجار بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: گوندنشینان لە ترسی گیانی خۆیان توانای بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ ئەو هێزە چەکدارانە نییە و تەنیا دەتوانن چاو لە دزرانی سامان و دارایی‌یەکانیان کە تەنیا سەرچاوەی داهاتییانە، بکەن.
هێزەکانی ئێران چەندین ساڵە مەڕوماڵەتی هاووڵاتییان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ئێران بە بیانووی قاچاخی کردنی بۆ وڵاتانی جیران زەوت دەکەن و پاش کوشتن، بەسەر پێگە نیزامییەکانی خۆیاندا لە ناوچەدا دابەشیان دەکەن.
بەڵام دیاردەی مەڕومەڵات دزین لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان (دوور لە سنوورەکان) لەلایەن کەسانێکی چەکداری نەناسراوەوە دێتە ئاراوە و هیچ کاردانەوەیەکی لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە دوادا نایەت.
بەپێی ئەسڵی ١٢٩ی یاسای بنەڕەتیی رێژیمی ئێران، دابین کردنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان (لەوانە پاراستنی ئەمنیەتی و تەناهیی هاووڵاتییان) ئەرکی دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.
هەروەها لە بەشێک لە ماددەی ٢٢ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤدا، هاتووە: هەر کەسێک وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگا، مافی تەواوی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتیی هەیە.