کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەمانەتی مافی هاورەگەزگەراکان و قەدەغە کردنی نەشتەرگەری گۆڕینی رەگەزی ئیجباری بە ئێران راسپێردرا

20:56 - 15 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی دەورەیی دۆخی مافی مرۆڤ، ١١ رێگای چارەسەریی بۆ باشترکردنی دۆخی مافی هاورەگەزگەراکان و قەدەغە کردنی نەشتەرگەری گۆڕینی رەگەزی ئیجباری پێ پێشنیار کرا.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کۆبوونەوەی دەورەیی شوورای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ ١٠٨ رێگاچارەیان بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشنیار کرد.

لەو تاوتوێکردنە سەبارەت بە مافی مرۆڤ کە هەر چوار ساڵ یەک جار بەڕێوە دەچێت رێژیمی ئێران لەلایەن چەندین وڵاتی بەشداربوو لەو کۆبوونەوەیەدا بە پێشێلکاری مافی هاورەگەزگەراکان و نەشتەرگەری گۆڕینی رەگەزی ئیجباریی مەحکووم کرا.

رێژیمی ئێران لە بواری لابردنی هەڵاواردن بەپێی مەیل و شوناسی رەگەزی و قەدەغەکردنی نەشتەرگەری گۆڕینی رەگەزی ئیجباریی ١١ رێگاچارەی پێ پێشنیار کرا.

بەپێی ئەو راپۆرتە نوێنەرانی وڵاتانی ئارژانتین، ئیسپانیا، ئیتالیا، ئیسلەند، ئوروگوئە، ئیسرائیل، دانمارک، شیلی، کانادا، لوکزامبورگ و هولەند لە دەوری دووهەمی کۆبوونەوەی خولی تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئیران بە شێوەی دیاریکراو پێشنیاریان بە ئێران دا کە مافی هاورەگەزگەراکان بە فەرمی بناسێت و هاورەگەزگەرایی و شوناسی رەگەزی بە تاوان نەناسێت.

هەروەها نوێنەرانی دوو وڵاتی ئیتالیا و ئیسلەند بە شێوەی راستەوخۆ لە پەیوەندی لەگەڵ قەدەغەکردنی نەشتەرگەری گۆڕینی رەگەزی ئیجباریی چەند پێشنیارێکیان بە ئێران دا.

ئیسلەند بە ئێرانی راسپارد کە کردەوەی پزیشکی بە مەبەستی گۆڕینی رەگەزی ئیجباریی قەدەغە بکات و ئەو یاسایانەی کە شوناسی رەگەزی بە نەخۆشی لە قەڵەم دەدن بگۆڕێت و راگرتنی هەڵاواردن و توندوتیژی دژی هاورەگەزگەراکان کۆتایی پێبێنێت.
گۆڕینی هەموو ئەو یاسایانەی کە دەبێتە هۆی هەڵاواردنی رەگەزی و هەروەها لابردنی سزای ئیعدام بە تۆمەتی هاورەگەزگەرایی لەو راسپاردانە بوون کە لەلایەن وڵاتانی لوکزامبورگ، ئیسرائیل، کانادا و ئیسپانیا بە لێژنەی رێژیم پێشنیار کرا.

هەروەها ئورووگوئە، دانمارک و هولەند چەندین رێگا چارەیان لە بواری راگرتنی هەڵاواردن دژی هاورەگەزگەراکان و راگرتنی توندوتیژی بە هۆی شوناسی رەگەزی و مافی بەرابەر و ئازاد بۆ کەمینە رەگەزییەکانیان بە رێژیمی ئێران پێشنیار کرد.
یاسای سزادانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بواری هاورەگەزگەرایی کە پەیوەندی سێکسی بە رازی بوونی دوو لایەنی گەورەساڵی هارەگەز سزای قامچی و مردنی هەیە.

بەپێی راپۆرتە بڵاکراوەکان لە ١٢٦ پێشنیار کە رێژیمی ئیسلامی لە خولی یەکەمی دانیشتنەکانی دەورەیی پەسندی کردبوو تەنیا یەک حاڵەتی جێبەجێ کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە رێژیمی ئێران لە دەوریی دانیشتنەکانی دەورەیی مافی مرۆڤی ژنێف لەلایەن ١٠٨ وڵاتی بەشداربوو ٢٩١ پێشنیار و رێگا چارەی پێدرابوو.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لێژنەی نوێنەرانی رێژیمی ئێران لە دانیشتنەکانی مافی مرۆڤی ژنێف، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی سەبارەت بە قەبوول یا رەتی پێشنیارەکانی مافی مرۆڤی ١٠٨ وڵاتی جیهانی بۆ مانگی مارسی ساڵی داهاتووی زایینی(رێکەوتی ١٠ رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی هەتا خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی) وەدواخست.