کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپای پاسداران کوێستانەکانی سەردەشتی داوەتەوە بەر تۆپباران

20:52 - 30 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: هێزەکانی رژیم و بەتایبەت هێزی تۆپخانە و زرێهیی سپای پاسداران کوێستانەکان و بەرزاییەکانی سەردەشتیان داوەتەوە بەر تۆپباران و لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ٣٠ی جۆزەردانەوە بەتوندی ناوچەکە دەکوتن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە ناوچەی سەردەشت رایگەیاند کە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٩٥ی هەتاویەوە سوپای پاسدارانی تیرۆریستیی ئێران بە شیوەی هەڕەمەکی و بەتوندی کوێستانەکان و بەرزاییەکانی سەردەشت و دەوروبەریان داوەتە بەر رەهێڵەی تۆپ و کاتیووشا .

بەپێی زانیاریەکانی هەواڵنێری کوردستان میدیا ئەو شوێنانەی کە تۆپباران دەکرێنەوە بریتین لە بەرزاییەکانی ناوچەی مەیدان چۆغە، کەپری، گەنمان، پشتی نستان، سیسێر و هەروەها چەورەبێ.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو، سوپای تیرۆریستیی پاسداران لە ترسی بوونی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەکە زەندەقی چووە و بە شێوەی هەڕەمەکی کوێستانەکان و بەرزاییەکانی ناوچەکە تۆپباران دەکا.

هەواڵنێری کوردستان میدیا رایگەیاند کە ئەم کردارەی سوپای تیرۆریستیی پاسداران هەم بۆ دڵنەواییدانەوەی خۆیان و شاردنەوەی ترسیان لە پێشمەرگەیە و هەم دەیانەوێ کوێستانەکانی ناوچە گڕ تێبەردەن و ئاگر لە دارستان و باخ و کشتوکاڵی خەڵکی ناوچە بکەوێ تا هەم ژینگەی کودستان لەنێو ببەن وهەم بە وێرانکردنی ماڵی خەڵک، تۆڵە لە خەڵک بکەنەوە.

شیاوی ئاماژەیە کە رۆژی پیشتریش ئێوارەی ٢٩ی جۆزەردان، سوپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران ئەو ناوچەیەیان بە توندی تۆپباران کردبوو و ئەمە دوای شکستیان لە دەرگیربوونیان لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە دەوروبەری نستان بوو کە بۆ شاردنەوەی شکستەکەیان، کوێستانەکانیان تۆپباران کرد.