کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئورمیەوە دەسبەسەر کران

21:59 - 5 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی کورد بەتۆمەتی تەبلیغ دژی رێژیمی ئێران\'\' لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.


ئاژانسی هەواڵی موکریان بڵاوی کردەوە، ٣ هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی \'\'حوسێن زارع، فیرووز زارع و سیروان سەعیدی\'\' دوو حەفتە پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئورمیەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ماوەی دوو حەفتەیە لێ پێچینەوەیان لێ کراوە.
بەپێی ئەم سەرچاوەیە ئەو سێ هاووڵاتییە لە دەسبەسەرگەی سپای ئورمیە راگیراون، بەڵام سیروان سەعیدی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بەفرانبار بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمیە و فیرووز زارع بۆ زیندانی \'\'ئەلمەهدیی سپا\'\' راگوێزراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە و دەوترێ بە تۆمەتی \'\'تەبلیغ دژی رێژیمی ئێران\'\' دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە هەتا ئێستا ١٢ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.