کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی سێنا: لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی، گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی رێژیمی ئێران دەخرێتە بەر دەنگدان

22:11 - 5 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: سێناتۆر میچ مە‌کانێل سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی سێنای ئامریکا رایگەیاند ئەگەر ئامریکا لەگەڵ رێژیمی ئێران بەرێکەوتنی ناوکی نەگات، گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران دەخاتە بەر دەنگدانەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سێناتۆر میچ مەکانێل، سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی سێنای ئامریکا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، رایگەیاند ئەگەر دانووستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران هەتا کۆتایی مانگی مارس (شەش رۆژی دیکە) بە ئاکام نەگات مەجلیسی سێنای ئامریکا گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران دەخاتە بەر دەنگدان.

هەواڵدەریی رۆیتێرز لە زاری سێناتۆر مە‌‌کانێل لە گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران وەک مەڵهەمێکی باش پاش بە ئاکام نەگەیشتن لە دانووستانە ناوکییەکان ناوی لێبردووە.

سێناتۆر مەکانێل لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە لە ئەگەری دەستپێڕاگەیشتن بە هەر جۆرە رێکەوتنێکی ناوکیی دەبێ کۆنگرەی ئامریکا ئەو رێکەوتنە پەسند بکات.

لە بواری بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران، یوکیا ئامانۆ، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوکی رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران لە مانگەکانی رابردوودا بۆ روونکردنەوەی بواری نیزامی و چالاکییە ناوکییەکانی خۆی بە شێوەی پێویست هاوکاری نەکردووە و لەوەیکە کاربەدەستانی رێژیمی ئێران بۆ وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی هاوکاریی پێویستیان نەکردووە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

ئامانۆ سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوکی جەختیشی کردووەتەوە کە رێژیمی ئێران سەبارەت بە پرسی تەقینەوەی بەهێز و محاسبات و ئینتقالاتی نۆترۆنی، روونکردنەوەی پێویستی نەداوە.

لەم پەیوەندییەدا، شازادە سعود الفەیسل وەزیری کاروباری دەرەوەی پاشای سعودییە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: ناتوانین رێکەوتنێک بە رێژیمی ئێران ببەخشین کە شایانی نییە و لە درێژەدا رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران سیاسەت گەلێکی دڕندانەی گرتووەتە بەر و لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستێوەردان دەکات و دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی، تەناهی ناوچە و جیهانی دەخاتە مەترسییەوە.

لەم پەیوەندییەدا وڵاتی فەرانسە و ئامانۆ لە رەخنەگرانی دانوستانی ناوکی لە کاتی گەیشتن بە رێکەوتنن، ئامانۆ لە دانیشتنی بوونیادی ئاشتیی نێودەوڵەتیی کارنگی، کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوە، بەڕێوەچوو، رایگەیاندووە کە پێشکەوتنی رێکخراوی وزەی ناوکی لە لێکۆڵینەوە لە بنکە ئەتۆمییەکانی رێژیمی ئێراندا بەربەست هەیە و ئەم ئاژانسە ناتوانێت گارانتی بکات کە نیسبەت بە تەواوی بنکە ئەتۆمییەکان لە ئێران زانییاری پێویستی هەیە.

نوێنەری فەرانسە لە شۆرای تەناهی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی هۆشداری داوە کە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە دانوستانە ناوکییەکاندا نییە و ناکۆکی جیددی لە نێوان تاران و گرووپی ١+٥ لە سەر بەرنامەی لێکۆڵینەوە و پێشکەوتنی ناوکی ئێران، هاوکاری لەگەڵ پشکێنەران و گەمارۆکان ماوەتەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەردەوام داوای لە ئێران کردووە کە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە ناوکییەکان کە لە رابردوودا لە بنکەی نیزامی پڕچین ئەنجام دراوە و بە شێوەی تایبەت سەبارەت بە چاشنیی تەقینەوە تەیار بە سیمی تەقینەوە و محاسبات و نموونەکانی تەقینەوەی حەساس ، روونکردنەوەی پێویستی نەداوە.

بە وتەی ئامانۆ، ئاژانس هەندێک زانییاریی لەبەر دەست دایە کە دەرخەری ئەوەیە لە بنکەی پرچین تاقیکردنەوەی پێشکەوتوو سەبارەت بە چاشنی تەقینەوە لە رابردوودا ئەنجام دراوە.

نوێنەری فەرانسە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی شۆرای تەناهیدا رایگەیاندووە کە پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان وڵاتانی زلهێز و رێژیمی ئێران بەپێی پێویست نییە و نوێنەری بریتانیا رایگەیاندووە کە ئێران دەبێ نەرمی بنوێنێت.

وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی رێژیمی ئێران کەمالوەندی لە دژ کردەوە بە وتەکانی یوکیا ئامانۆ رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، رایگەیاند: وەرگرتنی پۆرتۆکۆلی ئیلحاقی دڵخوازانەیە، ئێران پۆروتۆکۆل ئیلحاقی ئاژانسی نێودەوڵەتی لە دێسامبری ٢٠٠٣ی زایینیەوە واژۆ و لە سەرەتاوە جێبەجێی کرد بەڵام بە وتەی ئامانۆ وڵاتی ئیران لە ساڵی ٢٠٠٦ بەدواوەوە لەگەڵ لێکۆڵەرەکانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی لە سەر پێوەری لێکۆڵینەوەی دیاریکراو لە پۆروتۆکۆلی ئیلحاقیدا هاوکاریی نەکردووە.

گادەر.د