کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرۆ قەدیمی: شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ڕاماڵینی تەواوی بەربەستەکانی کۆمەڵگە لە بەردەم ژنانە

08:58 - 16 پووشپەڕ 2724

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: لە دوای شەهیدکردنی ژینا لە کوردستان و  سەرهەڵدانی شۆڕشی" ژن، ژیان، ئازادی" ڕێژیم هەموو هەوڵەکانی خۆی خستەگەڕ تاکوو دەنگی ئازادی و مافخوازانەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و بەتایبەت کوردستان کپ بکات. بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ کردوەیەکی نامرۆڤانە دەستی نەپاراست و بە گرتن، ئەشکەنجە، ڕفاندن، کوشتن، ئێعدام و ... دژی خەڵکی مافخواز و وەزاڵەهاتووی کوردستان وەستایەوە.

هێرۆ قەدیمی، چالاکی سیاسی و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا  گێڕانەوەی خۆی لەم دۆخە لەگەڵ "کوردستان" باس دەکات:

خاتوو هێرۆ ، سەرەتا ئەگەر کورتەیەک لە ژیانی خۆتان بۆ خوێنەرانی ئێمە باس بکەن.

سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ بەڕێزتان و سپاس بۆ ئەوەیکە ئەم دەرفەتەتان بە من دا تا بتوانم بپڕژێمە سەر ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆ بوونەتە بەشێک لە بیرەوەرییە ناخهەژێنەکانی ژیانی من. من هێرۆ قەدیمی لە ڕێکەوتی ٢٤/١٢/٥٩ لە شاری بۆکانم لە دایک بووم. لە دوای لە دایک بوونم درام بە دایەگەورەم (دایکی دایکیم) و تا سەرەتای چوون بۆ قوتابخانە لە تەورێز بووم. کاتێک وەختی خوێندنم هات هاتمەوە بۆکان و دیپلۆمم وەرگرت و هەر لە بۆکان مامەوە. بە بۆنەی پێکهینانی ژیانی هاوبەشیم ماڵم چووە سەقز.

ئایا پەیوەست بوونی بەڕێزتان بە کار و چالاکی سیاسی تەنیا بۆ ساڵوەگەڕی شەهید بوونی ژینا دەگەرێتەوە یان پێشتریش چالاکیتان هەبووە؟

چالاکی من زۆرتر مەدەنی بووە تا سیاسی و چالاکییەکانی من  دەگەڕێتەوە بۆ پێش شەهیدبوونی ژیناش. بەڵام لە ئێران سنووری نێوان چالاکی سیاسی و مەدەنی زۆر نادیارە چونکە ڕێژیمی ئێران ترسێکی زۆری لە چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هەیە و لەگەڵ چالاکانی مەدەنییش هەروەک چالاکانی سیاسی دەجووڵێتەوە.

بەڕێزتان وەک یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ساڵوەگەڕی شۆرشی " ژن، ژیان، ئازادی" چۆن باس لە دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی لاوانی کوردستان لەو بزووتنەوەیەدا دەکەن؟

شۆڕشی ژینا یەکێک لە گەورەترین ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێران لە دوای شۆڕشی ٥٧ بووە کە سەرچاوەکەی ئەو شۆڕشە  کوردستان بوو، دواتر بۆ هەموو ئێران پەرەی سەند. قوڵایی دروشمی شۆڕشەکەش قورساییەکی زۆری خستبووە سەر ڕێژیم و ترسێکی یەکجار زۆریشی خستبووە دڵیان. ئەوان دەیانزانی چالاکی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان بە شێوەی سیستماتیک دەڕواتە پێشەوە و هەر سەر هەڵدانێک لە کوردستانەوە بە شێوەی تایبەت چاوی لێ‌دەکرێ. هەڵسوکەوتێک کە خەڵکی سەقز لەگەڵ چلەی ژینا کردیان ڕێژیمی خستە ترسێکی قوڵترەوە. ڕێژیم ئاگادار بوو کە لە ساڵوەگەڕی کوشتنی ژینادا خەڵکی سەقز دووبارە حەماسەیەکی دیکە دەخۆڵقێنن و ئاگری شۆڕشەکە دووبارە دەگەشێنەوە. هەر بۆیە لە دوای چلەی ژیناوە بەرنامەکانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پڕۆگرامی ساڵیادی ژینا ئامادە کردبوو کە یەکێک لەوانە دەستبەسەرکردنی تەواوی چالاکە سیاسی و مەدەنییەکان بوو.

ئێوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ دەستبەسەر بوون؟ کەش و هەوای زیندان و ئەشکەنجەکان لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی چۆن بوون؟

مەئموورانی ئیتلاعاتی ڕێژیم میراتی "ساواک"ی دەورەی پاشایەتی و تەجروبەی زیاتر لە چل ساڵ کار لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیان هەیە. ئەوان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ شێوەی جۆراوجۆر بەکار دینن. کە لەژێر ناوی ئەشکەنجەدا باسی دەکرێ. ئەشکەنجەش بۆ خۆی بە دوو شێوە دابەش دەکرێ، یەکەم ئەشکەنجەی ڕۆحی و دووهەم  ئەشکەنجەی لەش. ئەوان بە شێوەیەکی یەک لە دوای یەک لەو دوو شێوە ئەشکەنجە کەڵک وەردەگرن. نوور، تاریکی، گەرما، سەرما، ترساندن، شکاندن، شک و دڵەڕاوکێ خستنە دڵت لە دۆست و خزم و کەس و کارت، هەڕەشە لە بنەماڵە(بەتایبەت منداڵەکانت)، لێدان، دەستدڕێژی و ... هتد.  ئەمانە بە گشتی دەتوانینن بێژین ئامرازی کارەکانیانە، من بۆ ماوەی سی و شەش ڕۆژ لەو دۆخەدا بووم. هەموو ڕۆژێک چەندین سەعات لێ‌پرسینەوەم بووە و دوایش لە زیندانی تاکەکەسیدا دەمامەوە. چەند حەوتووی ئاخر چوومە بەندی عموومی کە ئەویش چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە. ٢٤سەعاتە گڵۆپێکی گەورەت لە سەر هەڵکراوە و پشوودانت بە سەختییە. لە هاو بەندیەکانت لە شک و دوودڵی دای و نازانی چکارەن. چکۆلەترین هەڵسوکەوتت دەچێتەوە ئیتلاعات. تەنانت بۆ کتێبێکیش کە لە کتێبخانەی خۆیان وەرم گرتبوو لێ‌پرسینەوەم لێ‌کرا.

ئایا ئەو ڕۆژەی کە دەستبەسەرکران کەسانی دیکەش لەگەڵت بوون بە تایبەت کەسانێک کە بیانناسی؟

من کەسێکم نەدی کە لەگەڵ من دەستبەسەر کرابێ، بەڵام دوایی زانیم کە تەنیا نەبووم و تەنانەت چەند ڕۆژ پێش دەستبەسەرکرانی من و دوای ئەویش کەسانێکی دیکە گیران.

لە گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا چ دەگوزەرێت؟

ئەوان بە هەر جۆرێک بێت دەبێ دانپێدانانێکی زۆرەملێ وەرگرن. ئەو دانپێدانانە دەبێتە خاڵێکی ئەرێنی بۆ بازجووەکان. جاری وایە دەستبەسەرکراو بێ‌تاوانە، بەڵام زۆر جار دەبێ دان بە شتێک دابنێ تا خەلاسی بێت. شەڕی و قورسی دەستبەسەرکراو و بازجوو ئەوەیە کە ئێعتراف بە شتێک کە نەبووە چ سوودێکی هەیە؟ بەڵام ئەوان بە دوای شتێکەوەن کە خۆیان لە لای بەرپرسەکانی سەرەوە کارامە نیشان بدەن. ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی کە هەیانە ڕەحم و بەزەیی لە دڵی ئەواندا کوشتوە و تەنیا چاویان لە گرتنی خاڵێکی ئەرێنییە بۆ وەرگرتنی ئەو خاڵە لە هیچ کارێک چاوپۆشی ناکەن. لە پاڵ ئەوەشدا ئەوانەی لە سازمانە ئیتلاعاتییەکان کار دەکەن لە باری دینییەوە زۆر توند ئاژۆن. دەستبەسەرکراوان وەک دوژمنی ئیسلام و ئیمامەت و حکوومەتی ئیمامی زەمان دەبینن و خاوەنی بیرێکی زۆر ئیدئۆلۆژیکن. کەسێک کە لە بەرانبەر ئیدئۆلۆژیکەیان ڕاوەستی دوژمنە و دەبێ لەنێو بچێ. تەواوی ئەوانەی دەستبەسەر دەکرێن لەگەڵ ئەو دوو وەزعییەتە ڕووبەڕوو دەبنەوە و دیارە لە گرتنگەکاندا چی دەگوزەرێ.

پێیان گوتی بەڕوونی لەسەرچی گرتوویانی؟ داوای بازجووەکان چی بوو؟

من پێش دەستبەسەرکرانم دوو جار بانگ کرا بووم بەڵام دەستبەسەرکرانی من لە ڕۆژی ٢١خەرمانان‌دا بە بۆنەی کەرەسەی ئیستارلینک بوو. لەگەڵ گرتنم دوو موبالیشم لێ‌گیرا. لە یەکیاندا فایلی یارمەتییەکان بە بریندار و خیزانە کوژراوەکانی شۆڕشی ژینا و هەروەها یارمەتی بۆ گروپە ژینگەپارێزەکانیشی تیا بوو و ئەوە حوکمەکەی منی زۆر قورستر کردەوە. ئەوان دەیانگوت تۆ یارمەتیی کەسانێکت داوە کە لە شۆڕشی ژینادا بەشدار بوون و خەڵک هان دەدەی کە زۆرتر بیێنە سەر شەقام و هەروەها یارمەتی ژینگەپارێزەکان ئەرکی تۆ نییە و با ژینگە لەنێو بچێ.

چۆن بوو بڕیارت دا وڵات جێ بهێڵی؟

من لە دوایی هاتنەدەرەوەم لە گرتنگە دەمزانی حوکمی زیندانیم بۆ دەبڕنەوە و بە ئەزموونێک کە لە گرتنگە بووم دەمزانی ئەوان تەنیا بە زیندانیکردنم ڕازی نابن و بە چڕی لە ژێر چاوەدێریدا دەبم و ژیانی واش بەڕاستی ژیانێکی زۆر ئەستەمە و بە تەنیا کچەکەشم دەیان ترساندم و ئەوە سەختترین گوشاری دەرونی بۆ دروست کرد بووم .هەر بەو بۆنەوه بڕیارمدا وڵات جێ بێڵم و بڕیارێکی زۆر سەخت و گران بوو بۆ من.

لە ئێستادا چۆن باس لە دەور و پێگەی کچان و ژنان لە ناڕەزایەتییەکانی و خەباتی جەماوەری لە ئێران و کوردستان  دەکەن؟

ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی بەهێزترین کچانە. ئەوان لە شۆڕشی ژینادا گەورەترین حەماسەیان خوڵقاند. چەندەها کچی تەمەن لاو گیانی خۆیان لە پێناو ئەو شۆڕشەدا لە دەست دا. ئەوان بۆ بە دەستهێنانی تۆزێک ئازادی ڕێگایەکی دوور و سەختیان بڕیوە. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمێک نەبوو کە تەنیا ڕوو بە ڕێژیم بێت بەڵکوو دروشمی ڕاماڵینی تەواوی بەربەستەکانی کۆمەڵگەیە کە بۆ ژنان دروستبووە. شۆڕشی ژینا کەم ڕەنگ بووە بەڵام نەخەوتووە. هەموو جووڵانەوەیەک کەوتن و هەستانەوەی هەیە، نەورۆزی ٢٧٢٤ یەکێک لە هێماکانی زیندووبوونی شۆڕشەکە بوو. هیوادارم بەشەکان و میللەتەکانی دیکەی ئێرانیش بە قووڵایی ئەو دروشمە بگەن چونکە هاوڕێ و هاو هەنگاوبوون لەگەڵ کورد لەم شۆڕشە ئازادی و دێموکراسی بۆ داهاتوومان مسۆگەر دەکات.

خاتوو هێرۆ سپاس بۆ بەشداریتان و ماندووش نەبن

سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.