کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاعیرانی کوردی کوردستانی ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی

19:29 - 22 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: دەیان شاعیری فارسی ئێرانی و کوردی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکی هاوبەشدا پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەندین شاعیری فارس لە ئێران لەگەڵ شاعیرە کوردەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران لە دەرکردنی پەیامی هاوبەشی پشتیوانی لە کۆبانێ هاوڕێ بوون و بەو شێوەیە لەگەڵ کۆبانێ هاوخەمی و هاوسۆزییان کرد.

چەندین شاعیری کورد بۆ وێنە جەلال مەلەکشا، عەتا نەهایی، بەیان عەزیزی، رەحیم لوقمانی، ئیرەج عیبادی و کەریم دافعی، بەشێوەی هاوبەش لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.

هەروەها سەید عەلی سالحی، عەلی باباچاهی و محەممەد‌عەلی سپانلو لەو شاعیرە فارس زمانانەن کە لەو کردەوە مرۆڤ دۆستانەدا بەشداریان کردووە و پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ راگەیاندووە.

هەروەها لە چەند رۆژی رابردووشدا، سینەماکارانی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران پاش بەدەستهێنانی خەڵاتی فستیڤاڵی فیلمی بەیرووت، خەڵاتەکانییان پێشکەش بە کۆبانێ کرد.

شاعیران، هونەرمەندان و سینەماکارانی کورد هەردەم بە بیر و هزری نەتەوەیی خۆیان، لە کاتی کارەساتی شنگال و کۆبانێ لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردی هاوخەمی و هاوسۆزییان کردووە.