کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوقمان مێهفەر: ناهاوسەنگیی دەسەڵات هۆکاری هاتنە ئارای توندوتیژییە لە دژی ژنان

14:16 - 5 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سمینارێکی بۆ لوقمان مێهفەر بەڕێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی کار و چالاییەکانی خۆیدا بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، رۆژی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان، بە ئامادەبوونی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامانی یەکیەتی ژنان، سمینارێکی بۆ لوقمان مێهفەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، پێکهێنا.
مێهفەر لەسەر توندوتیژی و مافە یاسایی‌یەکانی ژنان لە چوارچێوەی قانووندا باسێکی پێشکەش کرد و تێیدا لەسەر نەبوونی هاوسەنگیی دەسەڵات لەنێوان ژنان و پیاواندا وەکوو هۆکاری سەرەکیی توندتیژی پێداگریی کردەوە.
ناوبراو وتیشی: ئەو ناهاوسەنگییە بەرە بەرە تەشەنە دەستێنێت هەتا دەبێتە دیاردەیەکی ترسناک.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی لە بەشێکی دیکە لە باسەکەیدا ئاماژەی بە گۆرانکارییە یاسایی‌یەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو بە نیسبەت ژنانەوە کرد و وتی: ئەو ئاڵۆگۆرانە لە ئەنجامی هەوڵ و خەباتی ژنان بۆ بە یاسایی کردنی مافەکانیان بووە.
لە کۆتایی ئەو سمینارەدا بەشدارانی سمینارەکە را و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر مژاری کۆبوونەوەکە خستە بەرباس.