کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەدا ٣٣ی دارستانەکانی داربەڕووی ئیلام وشک بوون

21:03 - 29 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لەسەدا ٣٣ی داربەڕووەکانی پارێزگای ئیلام بە تەواوەتی وشک بوون و ئەو کارەساتە ژینگەیی‌یە رۆژ لەدوای رۆژ لە پەرەسەندن دایە.


٦٤٢ هەزار دارستان لە پارێزگای ئیلامدا بوونی هەیە کە داری داربەڕوو لەسەدا ٩٩ی ئەو دارستانانەی پێک هێناوە و بە وتەی بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەسەدا ٣٣ی ئەو داربەڕوانە بە تەواوەتی وشک بوون و کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە ئاگرکەوتنەوە و کۆنترۆڵ نەکردنی ئاگرەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشک بوونی ئەو دارستانانە دێتە ئەژمار.
هۆکارگەلێکی دیکەش وەکوو تەپ و تۆز لە لەناوچوونی ئەو دارانەدا کاریگەرییان هەیە.
داربەڕوو وەکوو یەکێک لە جۆرە رووەکییەکانی بوومیی زاگرۆس لە ٥٠٠ ساڵەوە هەتا ٢٠٠٠ ساڵ تەمەن دەکات و هۆکاری مرۆیی لە وشک بوون و دابەزینی تەمەنی ئەو دارستانانە کارگەریی راستەوخۆی هەیە.
یەک دۆنم داربەڕوو نزیکەی ٦٨ تۆن تەپ و تۆز لە هەر ساڵێکدا وەردەگرێت و رۆڵی کاریگەریان لە بەرهەمهێنانی ئۆکسیژندا هەیە.
جیا لە هۆکارە سروشتییەکان، هۆکارگەلی مرۆیی وەکوو دروست کردنی رێگاوبان لە پارێزگای ئیلام، ٥ هەزار داربەڕووی لە بنەوە دەرهێناوە.
کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی ئێران و بەتایبەت ئیدارەی ژینگەی ئیلامیش لەمەڕ لەناوچوونی ژینگەی ئەو پارێزگایەدا هەیە.