کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەكەمپی دومیز ٤هاووڵاتیی كورد بەهۆی ئاگركەوتنەوە بوونە قوربانی

15:19 - 8 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەئەنجامی ئاگركەوتنەوە لەكەمپی کوردە ئاوارەكانی سووریە لەپارێزگای دهوك ٢منداڵ گیانیان لەدەست دا و ٢هاووڵاتیی دیكەش بەشێك لەجەستەیان سووتا.
شەوی سێ‌شەممە رێكەوتی ٧‌ی جۆزەردان كاتژمێر ١٢‌ی شەو ژمارەیەك خێوەت لەئاگردا سووتان و لەئەنجامدا ٢منداڵ بەهۆی زۆری پلەی سووتانەكەیان گیانیان لەدەست دا و ژن و مێردێكیش بە توندی بریندار بوون.
سایتی رووداو بڵاوی كردەوە، هەتا ئێستا هۆكاری سووتانی ئەو خێوەتانە نەزانراوە و راشیگەیاندووە، حەفتەیەك لەمەوبەریش خێوەتێكی دیكە لەكەمپی دومیز لەئاگردا سووتا.
كەمپی دومیز شوێنی كوردە ئاوارەكانی سووریەیە و لەپارێزگای دهوك لەهەرێمی كوردستان هەڵكەوتووە و نزیك بە ٧٠هەزار ئاوارەی تێدا دەژی.

هەر چەندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی توانا خزمەتگوزاری بۆ ئەو ئاوارانە جێبەجێ‌كردووە، بەڵام دانیشتوانی كەمپەكە داوای خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن.