کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەدا ١٥ی حەشیمەتی سەرووی تەمەن ٦ ساڵ لە ئێران نەخوێندەوارن

15:42 - 22 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: رێژەی نەخوێندەوارانی ناو بڕگە تەمەنیەکانی سەرووی شەش ساڵی ئێران، بە ٢١ میلیۆن کەس گەیشتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و دوایین سەرژمێری ئێران لە ساڵی ١٣٩٠ ی هەتاوی، هەنووکە ٩ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسی نەخوێندەوار کە تەمەنیان لە سەرووی ٦ ساڵ دایە، لە ئێران دەژین.

بەپێی ئەم راپۆرتە جگە لە نەخوێندەواری لانیکەم لە تێکڕای ٦٧ میلیۆن و ٦٨١ هەزار کەس لە حەشیمەتی ئێران کە تەمەنیان لە سەرووی ٦ ساڵ دایە، ٩ میلیۆن و ٧١٩ هەزار کەس نەخوێندەوار و لە دۆخی پەروەردەی ٦٠٠ هەزار کەسیش هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە ١١ میلیۆن نەخوێندەوار و ٩ میلیۆن خوێندەوار لە ئاستی ناوەندی لە ئێراندا هەیە.

لە نێوان تەمەنی ١٠ هەتا ٤٩ ساڵ کە ٥٠ میلیۆن و ٨٤٥ هەزار کەس لە حەشیمەتی ئێران دروست دەکەن، ٣ میلیۆن و ٤٥٦ هەزار کەس نەخوێندەوار و ٣٨١ هەزار کەسیش بارودۆخی خوێندەواریی ناڕوونیان هەیە.

لە نێوان نەخوێندەوارانی ئەم گرووپە تەمەنییە، یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار نەخوێندەوار لە گوندەکان و یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسیش لە شارەکانن کە بەپێی ئەم ئامارە یەک میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس پیاوانن و ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیش ژنان پێکی دێنن.

بەپێی راپۆرتی ئامارە بڵاو کراوەکان، پارێزگا سنووریەکانی ئێران لە سەرەکیترین پارێزگاکانی ئێران لە بواری نرخی نزمی خوێندەواری ئەژمار دەکرێن.

بەپێی ئەم راپۆرتانە، نرخی نەخوێندەواری لە نێوان کچانی ئەو پارێزگایانە، بە تایبەت لە ناوچە گوند نشینەکاندا لەسەدا ٣٠ زیادی کردووە.

هەروەها لە ئێران ٣ میلیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەش بووە کە دوو ناوەندی رێکخراوی پەروەردە و پێگەیاندن و جێگری پەروەردەی سەرەتایی هەر کامەیان یەکتر بە قەبووڵ نەکردنی بەرپرسیارەتی و خۆ دۆزینەوە لە ئەرکەکانیان تاوانبار دەکەن.

یەکێک لە ئامانجەکانی هەزارەی سێهەم کە وڵاتانی جیهان خۆیان بۆ گەیشتن بە ئەوان پابەند کردووە، جێبەجێ کردنی پێداویستی خوێندەوارییە هەتا ساڵی ٢٠١٥ کە یونسکو مەودای ئێران هەتا ئەم ئامانجەی دوور لەبەرچاو گرتووە.

بە پێی سیاسەتیی سیستماتیکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ گەڵاڵەی دارێژراوی ناسراو بە بەرنامەی پێنجەمی پێشکەوتن دەبوایە هەتا ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، نەخوێندەواری لە نێوان کەسانی ١٠ هەتا ٤٩ ساڵ بنبڕ بکرایە، بەڵام ئەم کارە بە سەرنجدان بە ئاماری نەخوێندەواری ئەستەمە.