کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ی زایینییەوە تا ئێستا ٥٦ رۆژنامەنووس کوژراون

15:44 - 12 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ژمارەی رۆژنامەنووسانی کوژراو لە ماوەی ئەمساڵدا بەرز بووەتەوە و هەتا ئێستا ٥٦ رۆژنامەنووس لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەرکی رۆژنامەوانی‌دا کوژروان.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە شێوەی نێونجی ساڵانە گیانی ٨٠ رۆژنامەنووس لە کاتی کارکردندا کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ساڵی ٢٠١٢ی زایینی یەکێک لە خوێناویترین ساڵەکان بۆ رۆژنامەوانان بووە و لە ماوەی ئەو ساڵەدا زیاتر لە ١٢٠ رۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهاندا لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان کوژراون.

هەروەها هەواڵدەریی فەرانسە لە راپۆرتێکدا ئاماری رۆژنامەنووسانی کوژراوی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی‌ ١٠٨ کەس راگەیاندبوو.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سووریە یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە بەردەوام رۆژنامەنووسانی تێدا کوژراوە.

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی،‌دوای سووریە کە ١٥ هەواڵنێری تێداکوژرابوو بە رێز عێراق بە ١٣ هەواڵنێر، پاکستان ١٠، فلیپین ١٠، هیند ١٠، سوومالی ٧ و میسر بە ٦ هەواڵنێر لەو وڵاتانە بوون کە زۆرترین رۆژنامەنووسیان تێدا کوژراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێک گەورەترین وڵاتانی پێشێلکاری مافی رۆژنامەنووسان لە جیهان لە قەڵەم دەدرێ و رێژیمی ئێران لە بواری ئازادی چاپەمەنییەکان لە نێو ١٩٧ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٩١ی جیهانی دایە.

بەپێی راپۆرتی فریدۆم هاوس (خانووی ئازادی) کە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بڵاوبووەوە سەبارەت بە ئازادی چاپەمەنییەکانی لە رێژیمی ئێراندا هاتووە، رێژیمی ئێران یەکێک لە خراپترین دەوڵەتەکان لە بواری ئازادیی چاپەمەنییەکانە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ئازادی رادەربڕینی جیهان چەندین جار رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە یەکێک لە گەورەترین دوژمنانی ئازادی چاپەمەنییەکان ناساندووە.

بەپێی ئەو ئامارەی لەبەر دەست‌دایە، لە کاتی ئێستادا ٦٤ رۆژنامەنووس و وێب‌نووس لە ئێراندا لە زیندانەکان‌دان و سەرجەم بە ٤٧٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون و ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە ٦٤ رۆژنامەنووسی بەندکراو، گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسان لە جیهان دایە.

بەپێی ئامارێک کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو بووەتەوە، هەنووکە لە ئێران ١٣ رۆژنامەنووسی کورد بە زیاتر لە ٧٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و تەعلیقی مەحکووم کراون و ئەو رۆژنامەنووسانە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەند کراون.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، مەسعوود و خوسرەو کوردپور، عەدنان حەسەن پوور، کەماڵ شەریفی و قاسم ئەحمەدی ئەو رۆژنامەنووسە کوردانەن کە هەنووکە لە زیندانەکانی رێژیم‌دا بەسەر دەبەن.

هەروەها بوونی ١٠ ژنی هەواڵنێر و وێبنووس لە زیندانەکانی رێژیمی ئێران، ئەو وڵاتەی وەک گەورەترین زیندانی جیهان بۆ ژنانی رۆژنامەنووس ناساندوە.

نکۆڵی کردنی حەسەن رۆحانی لە بوونی رۆژنامەنووسانی بەندکراو کە ئێراندا، دژکردەوە و نارەزایەتی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی لێکەوتەوە و ئەو کەسانە سەرکۆماری ئێرانیان کەسێکی درۆزن ناودێر کرد.