کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئۆسلۆ خۆپیشاندانێک لەدژی رێژیمی ئێران لەمەڕ شەپۆلی نوێی ئیعدامەکان بەڕێوەچوو

20:38 - 23 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی شاری ئۆسلۆ و دەوروبەری لە سێدارەدانی لاوانی کوردیان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بە رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی ناڕزایەتی مەحکووم کرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە نوروێژ و بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتییەکان ژنان، خوێندکاران و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە نوروێژ، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئۆسلۆ پایتەختی وڵاتی نوروێژ و شارەکانی دەوروبەری لەبەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری و سەربەستیی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان لەو کۆبوونەوەیەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووریی کورد بە زمانی کوردی لەلایەن \'\'هیوا ئەحمەدی\'\' و هەروەها بە زمانی نوروێژی لەلایەن \'\'کامیل قادری\'\'یەوە خوێندرایەوە.
لە کۆتاییشدا نامەیەکی ناڕەزایەتی بە زمانی نوروێژی لەلایەن هەیئەتی کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە نوروێژ ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ کرا.