کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەکێن: هەر جۆرە رێکەوتنێک لەگەڵ رێژیمی ئێران رێکەوتنێکی خراپە

13:34 - 9 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: سیناتور جان مەکێن، جەختی لە سەر پێشینەی درێژخایەنی فێڵبازیی رێژیمی ئێران کرد و هەر جۆرە رێکەوتنێکی لەگەڵ ئەو رێژیمە بە خراپ لە قەلەم دا.

سێناتۆر جان مەکێن ئەندامی کۆماریخوازی سێنای ئامریکا لە قسەکانیدا لەگەڵ یورۆنیوز، پێشینەی رێژیمی ئێرانی لە فێڵ کردن و شاردنەوەی تواناکانی خۆی لە بواری وزەی ناوکی، دوورودرێژ وەسف کرد و جەختی کردەوە کە رێژیمی ئێران هەروا لە هەوڵی داهێنان و بەرهەمهێنانی موشەکە.

پێشتریش زیاتر لە ٤٠ سێناتۆری ئامریکایی لە نامەیەکدایە بۆ ئوباما خوازیاری خستنە بەر باسی بەرنامەی وزەی ناوکی و هەر جۆرە موشەکێکی ئێران لە دانوستانە ناوکییەکاندا بوون.

مەکێن لە درێژەی قسەکانیدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفیزیۆنی یورونیوز، رێژیمی ئێرانی هۆکاری سەرەکی تێکچوونی سەقامگیریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو برد و رایگەیاند کە رێژیمی ئێران سەقامگیریی یەمەنی تێکداوە، پشتیوانیی لە حیزب الـلە کردووە و هەروەها لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە وەک سووریە، بەحرەین و عێراق دەستێوەردان دەکات.
ئەو سیناتورە کۆماریخوازەی ئامریکا جەختی کردووە کە هەر ئەم رێکەوتنانە کە سەبارەت بە تەوەرە سەرەکییەکانی قسە کراوە، رێکەوتنێکی خراپ بووە.

دوای بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان و دەستپێڕانەگەیشتن بە رێکەوتن لە رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆماریخوازەکانی ئامریکا درێژبوونەوەی دانوستانی ناوکی بە قازانجی رێژیمی ئێران دەزانن و رایانگەیاندووە کە رێژیمی ئێران تەنیا لە هەوڵی کڕینی کات دایە و بە درێژکردنەوەی دانوستانەکان بە ئامانجی خۆی گەیشتووە.

مارک کێرک و رابێرت مێنێندێز، لە سیناتۆرە پلەبەرزەکانی سەر بە دوو لایەنی کۆماریخواز و دێموکراتی ئامریکا، رایانگەیاندووە کە چەندین گەڵاڵە بۆ قورستر و زیاترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان بە دژی رێژیمی ئێران رادەستی کۆنگرە دەکەن.

هەروەها، ئێد رۆیس سیناتوری کۆماریخاز و سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە ئێستا تەنیا رێکار بۆ پێشگیری لە بەدەست هێنانی چەک و چۆڵی ئەتۆمی رێژیمی ئێران، گوشاری ئابووری قورستر بۆ سەر ئەو رێژیمەیە.