کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچەی تایبەتی ئابووری شارستانی سەڵماس هیچ گەشەیەكی نەبووە

17:16 - 24 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: سەرجەم ئەو بەڵێنیانەی كە لێپرسراوانی رێژیمی ئێران لەمەڕ جێبەجێ‌كردنی ناوچەی تایبەتی ئابووری شارستانی سەڵماس لەپارێزگای ورمێ‌داویانە، وەی نەهاتوون.

دوای تێپەڕینی چوار ساڵ لەپەسند كردنی تەرحی ناوچەی تایبەتی ئابووری سەڵماس، هێشتاكە هیچ كام لەبەڵێنییەكانی لێپرسراوانی رێژیم لەمەڕ جێبەجێ‌كردنی ئەو پڕۆژەیە وەدی نەهاتوون و رێژیمی ئیسلامیی ئێران بایەخێكی ئەوتۆ بەو ناوچەیە نادات.

بایەخ نەدانی رێژیمی ئێران بە ناوچەی سەڵماس وای كردووە كە بنەماڵە كەم داهاتەكان روویان لەزیاد بوون بكات و هەروەها هێندێ‌قەیرانی دیكەی وەكوو چوونە سەری رێژەی بێكاری، دروست بوونی كێشەی كۆمەڵایەتی و دابەزینی گەشەی ئابووری لێ‌بكەوێتەوە.

ئامانج لەو پڕۆژەیە دروست كردنی پردی پێوەندیی لەنێوان شارەكانی تەورێز، ورمێ‌، خۆی و سەڵماس دایە و هەروەها وەگەڕ خستنی چەرخەی ئابووری لەشاری سەڵماسە.

هاووڵاتیانی شاری سەڵماس لەو باوەڕەدان ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران لەبەرەبەری هەڵبژاردنەكان بەڵێنی زریقە و بریقەدار بەخەڵكی دەدەن، كە چی دوای هەڵبژاردنەكان هیچ كەس خۆی بەوڵامدەر نازانێ‌.

هەر لەوپێوەندییەدا بەم دوایانە فەرمانداری شاری سەڵماس سەردانی شوێنی پڕۆژەكەی كردووە و دیسانەوە بەڵێنی زریقە وبریقەداری بەخەڵكی سەڵماس داوەتەوە.

سەرچاوە: اروم نیوز