کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوی کوژراوەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرا کرا

18:07 - 27 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: شوناسی ئەندامان و جاشە کوژراوەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سپای پاسداران ئاشکرا بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای هێرشی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران و جاشەکانی سەر بە ڕێژیم کوژران.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٤ جاش بە ناوەکانی یوسف ئەحمەدی، مستەفا خالیدی، عوبەید هەرکی و ئەسکەندەر مامەڵ خەڵکی باڵاگیر کوژراون.

هەروەها ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری شنۆ سەرگوردی پاسدار حاج سەمەد بۆستانی بە دەستی هێزەکانی پێشمەرگە کوژرا.

لەو پێوەندییەدا، وتەبێژی شوورای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کە؛ تیمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ کە لە نێوان گوندەکانی سەرگیز و قەرەسەقەل لە ناو خەڵکدا گەڕاون و کاروباری حیزبیان بەڕێوە بردووە کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجام‌دا شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیمدا ڕووی داوە.

دوایین هەواڵەکان کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، باس لەوە دەکەن کە پێشمەرگەکان لەو گوندانە کە نزیکی شەڕەکە بووە دوور کەوتوونەتەوە و ڕێژیم بازنەی گەمارۆکەی گەورەتر کردووەتەوە و بەردەوام هێز دەنێرێت بۆ شوێنی شەڕەکەی دوێنێ.