کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

13:54 - 21 پووشپەڕ 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" و هاوڕێیانی لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری د.قاسملوو و هاوڕێیانی

هاونیشتمانییانی بەڕێز

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان

  هەروەک ئاگادارن، ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەرانبەر بە ١٣ی جوولای ٢٠٢١ی زایینی، ٣٢ ساڵ بەسەر تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە شوێندانەرترین ڕێبەرانی مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان تێدەپەڕێت.

  لە وەها ڕۆژێکدا دوکتور قاسملوو کە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد لە کوردستانی ئێران سەردانی شاری ڤییەن، پێیتەختی ئۆتریشی کردبوو، لەسەر مێزی وتووێژ و لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەسڕێژ و وێڕای عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و فازڵ ڕەسووڵ کەسایەتیی سیاسیی خەڵکی کوردستانی عێراق شەهید بوون.

  لەو تاوانە تێرۆریستییە قیزەونەدا ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دوور لە هەموو پرەنسیپە سیاسی و مرۆیی و دیپلۆماتیکەکان کەڵکی خراپی لە نیازپاکیی و ئاشتیخوازیی دوکتور قاسملوو و بزووتنەوەی ڕەوای کورد و عورف و ڕێساکانی دیپلۆماسی و دیالۆگ وەرگرت و لەنێو جەرگەی وڵاتێکی ئورووپاییدا بە شێوەیەکی دڕندانە دەستی بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە قیزەونە برد.

  لەو نێوانەدا هەڵوێستی دەوڵەتی ئۆتریش وەکوو وڵاتێکی ئورووپایی کە بە ڕواڵەت لە کێشە نێودەوڵەتییەکاندا بێلایەنیی هەڵبژاردووە، چ پێش تێرۆرەکە و چ لە دوای کارەساتەکە و داڵدەدان و بەڕێکردنەوەی تێرۆریستەکان بۆ ئێران، ئاشکرا ڕێخۆشکەری بەڕێوەچوون و سەرپۆشدانان لەسەر تێرۆرەکە بووە و لەو کاتەوە هەتا ئێستاش داخستنی دۆسیەی ئەو تێرۆرە لەبەرانبەر ساتوسەودا ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران، پەڵەیەکی شەرم و شوورەیی بە نێوچاوی دەوڵەتی ئوتریشەوە بووە.

 هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئوتریش لە ڕاستیدا هاندەرێک بۆ درێژەدانی تێرۆری نەیارانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپاشدا بوو. وەک لە دۆسیەی دادگاییکردنی تاوانبارانی تێرۆری میکۆنۆسدا دەرکەوت، تێرۆری دوکتور‌ قاسملوو و هاوڕێیانیشی بەشێک لە پیلانی پاکتاوی نەیارانی ڕێژیم بوو کە ڕێبەر و سەرکۆمار و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم تێیدا بڕیاردەری سەرەکی بوون و لە زەرفییەتی دەزگای دیپلۆماسی بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی ئەو تێرۆرە کەڵکاژۆ وەرگیرا.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی ئەو تاوانە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە یەکیك لە ڕێبەرانی هەڵکەوتووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردە ئامانج، یادی دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و گیانبەختکردووانی دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران بەرز ڕادەگرێت و پێ لەسەر درێژەدانی ئامانجە مرۆییەکانیان دادەگرێتەوە.

هەروەها داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و ئۆگرانی ئاشتی و ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلانی ستەملێکراو دەکەین بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا کە وڵاتانی ئورووپایی سەرقاڵی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامین، دیاریکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێک لە سیما ناسراوەکانی تاوان و کۆمەڵکوژیی ئەو ڕێژیمە وەکوو سەرکۆماری ئێران بە پەیامێکی جیددی بۆ درێژەدانی سیاسەتی کوشتار و تێرۆر و زەبروزەنگ وەربگرن و بە وەگەڕخستنی دۆسیەی تێرۆرەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات و لەپێش هەموویان تێرۆری دوکتور قاسملوو، هەم یارمەتیدەری بەڕێوەچوونی دادپەروەری بن و هەم شکست بە هەوڵەکانی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران بۆ درێژەدانی ئەو چەشنە سیاسەتانە و زاڵکردنی کەشی تێرۆر و تۆقان بەسەر کۆمەڵگای مرۆییدا بهێنن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٢ی جوولای ٢٠٢١ی زایینی