کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی کورد پشتیوانییان لە مانگرتنی گشتیی کوردستان لە ٢٥ی خەرماناندا کرد

20:56 - 24 خەرمانان 2726

کۆمەڵێک لە چالاکانی کورد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش بە دوو زمانی کوردی و فارسی، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی خەرماناندا ڕاگەیاند و جەختیان لەسەر بەردەوامیی خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە کردەوە.

لەم بەیاننامەیەدا، چالاکان مانگرتنی گشتی و داخستنی بازاڕەکانیان بە مافێکی ڕەوا و مەدەنی بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵک و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر جیاکاری، سەرکوت و ڕێگری لە دەربڕینی ئازادانه زانیوە.

ئەم چالاکانە وێڕای ڕێزلێنان لە یادی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و لەسێدارەدراوان، جەختیان لە وەستاننەوە لە پاڵ بنەماڵە دادخوازەکان، زیندانییانی سیاسی، کۆڵبەران، مامۆستایان، ژنان و لاوانی ژێر گوشار کردووەتەوە.

لە کۆتاییدا، داوایان لە بازاڕییان، کاسبکاران، کرێکاران، فەرمانبەران، خوێندکاران، مامۆستایان، هونەرمەندان و چالاکانی مەدەنی کردووە بە ڕەچاوکردنی ئەمنییەتی خۆیان، هاوپێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەم جووڵانەوە مەدەنییەدا نیشان بدەن.

ئەوان جەختیان کردەوە کە بەدەستهێنانی ماف و دادپەروەری لە ڕێگەی هۆشیاری، یەکگرتوویی و خۆڕاگرییەوە دەبێت.