کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی سەرانسەری؛ وەڵامێکی مەدەنی بە بنبەستی سیاسی و قەیرانی هەمەلایەنەی ئێران!

10:31 - 23 خەرمانان 2726

ئیبراهیم لاجانی

چوار ساڵ بەسەر کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا تێدەپەڕێت، بەڵام کۆمەڵگەی ئێران هێشتا نەیتوانیوە بەری ئەم بزووتنەوەیە هەڵبگرێتەوە و داوا و ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە هەر لە جێی خۆیانن؛ واتە ئازادی، یەکسانی، کەرامەتی مرۆیی و مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆیان و لابردنی هەڵاواردنی سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی، ڕەگەزی و ناوچەیی.

بانگەوازی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتی، لە چوارەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا، دەبێت لە چوارچێوەی ئەم ڕاستییەدا هەڵسەنگێندرێت؛ ڕاستییەک کە تێیدا قەیرانی شەرعییەتی سیاسیی ڕێژیم، لەگەڵ هەژاری، هەڵاوسان، بێکاری، سەرکوت و نائەمنیی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان تێکەڵ بووە.

کوشتنی ژینا تەنیا ڕووداوێک یان هەڵەی تاکەکەسیی کاربەدەستێک نەبوو، بەڵکوو دەرخەری تایبەتمەندییەکانی نیزامێکی سیاسی بوو کە کۆنترۆڵکردنی جەستە، هەڵبژاردن و شێوازی ژیانی ژنان، بە بەشێک لە میکانیزمی دەسەڵاتداریی خۆی دەزانێت. بەردەوامیی کاریگەریی ئەم بزووتنەوەیەش پێمان دەڵێ ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بە زەبری سەرکوت خۆی لە دەسەڵاتدا هێشتووەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە خواستی ئازادی لە کۆمەڵگە بسڕێتەوە.

بانگەوازی مانگرتن لە چوارەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا، لەسەر ئەو ڕاستییە بنیات نراوە کە قەیرانی ئێستا تەنیا هەر سیاسی نییە. ئابووریی ئێران لەژێر باری بەڕێوەبردنی ناکارادا، گەندەڵیی سیستەماتیک، گەمارۆکان، تێچووی سیاسەتی دەرەوە و نەمانی متمانەی گشتی، بەردەوام هەتا هاتووە لاوازتر بووە. دابەزینی توانای کڕین، بڵاوبوونەوەی هەژاری، ناسەقامگیریی پیشەیی، قەیرانی نیشتەجێبوون و قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، ژیانی ملیۆنان کەسی لەگەڵ سەختی و دژواری بەرەوڕوو کردووە. گوشاری ئەم دۆخەش، زیاتر لە هەمووان، لەسەر شانی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، مووچەخۆران، ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە و چین و توێژە زەحمەتکێش و پەراوێزخراوەکان لە نەتەوە بندەستەکاندا قورسایی دەکات.

هاوکات ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، قەیرانەکانیان قووڵتر کردووەتەوە؛ کە دیارە بەرپرسیارەتیی هەموو ئەوانەش هەر لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامییە. هەژاری و گرانی و بێکاری و نەبوونی ئەمنییەت و تەرخانکردنی سەرچاوە گشتییەکان بۆ دامەزراوە نیزامییەکان لە نێوخۆی ئێران، و سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری ناوچە و نائەمنکردنی ئەمنییەتی ناوچە، سیاسەت و هەڵبژاردەی خودی ڕێژیمن. کۆمەڵگەی ئێران نابێت ناچار بکرێت لە نێوان ستەمی نێوخۆ و شەڕی دەرەکیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، بۆیە لە دۆخێکی ئاوادا، مانگرتن یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی خەباتی مەدەنی و ئاشتییانەیە.

مانگرتن، بە پێچەوانەی توندوتیژی، لەسەر ڕاگرتنی هاوکاریی ڕۆژانە لەگەڵ سیستەمێک بنیات دەنرێت کە بەبێ کار، خوێندن، بازرگانی و بەشداریی ئاسایی هاووڵاتییان ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم شێوازە دەرفەت بە کۆمەڵگە دەدات ناڕەزایەتیی خۆی بە ئاشکرا دەرببڕێت، بەبێ ئەوەی بە ناچاری بچێتە نێو پێکدادان و توندوتیژییەوە. هێزی مانگرتن لە سەپاندن و زۆرەملێدا نییە؛ بەڵکوو لە هاودەنگیی ئاگادارانە، ئازادانە و بەربڵاوی خەڵکدایە.

بانگەوازی مانگرتنی گشتی بۆیە گرنگە، چونکە داخوازیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی بەیەکەوە گرێ داوەتەوە: خواستی بازاڕییان بۆ سەقامگیریی ئابووری، ناڕەزایەتیی مامۆستایان بەرانبەر بە هەڵاواردن و قەیرانی پەروەردە، داواکاریی کرێکاران بۆ مووچەی دادپەروەرانە، خەباتی ژنان دژی هەڵاواردن، نیگەرانیی خوێندکاران سەبارەت بە ئازادیی زانکۆ و داخوازیی لاوان بۆ داهاتوویەکی شایان، هەروەها داوای گەلانی بندەست بۆ مافە ڕەواکانیان، لێک جیا نین. ڕەگی هاوبەشی بەشێکی زۆر لەم کێشانە دەبێت لە نەبوونی دەسەڵاتێکی وەڵامدەر، هەڵاواردنی سیستەماتیک و بێبەشکردنی خەڵک لە بەشداریی کاریگەر لە بڕیارداندا ببینرێت.

لە ڕوانگەی یاساییشەوە، کۆبوونەوە، خۆڕێکخستن و دەربڕینی ئاشتییانەی ناڕەزایەتی، لە بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازادن. ماددەکانی ١٩، ٢١ و ٢٢ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە ئێرانیش تێیدا ئەندامە، پشتیوانی لە ئازادیی ڕادەربڕین، کۆبوونەوەی ئاشتییانە و ئازادیی ڕێکخراوبوون دەکەن.

بانگەوازەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی کوردستان لە خەباتی ئازادیخوازانەدا دەخاتە بەرچاو. کوردستان لە بزووتنەوەی ژینادا ڕۆڵێکی پێشەنگ و چارەنووسسازی هەبوو، بەڵام پەیامی ئەم بزووتنەوەیە لە چوارچێوەی ناوچەیەکی دیاریکراودا نەمایەوە. بەهای سیاسیی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە پەیوەستکردنی ڕزگاریی ژن، ئازادیی تاک و ژیانێکی شایستەی مرۆڤدایە. هاوپشتی و هاوپێوەندیی نێوان کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران، کاتێک پایەدار دەبێت کە لەسەر بە فەرمی ناسینی مافەکانی یەکتر، قبووڵکردنی فرەچەشنیی نەتەوەیی و کولتووری و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە هەڵاواردنێک بنیات بنرێت.

پەیامی سەرەکیی ئەم بانگەوازە ئەوەیە کە سەرکوت، لەسێدارەدان و بەئەمنییەتیکردنی کۆمەڵگە نەیانتوانیوە داخوازییە بنەڕەتییەکانی خەڵک لە نێو بەرن یا لە بیریان بەرنەوە؛ بۆیە کوردستان جارێکی دیکە دەبێتەوە پێشەنگ و سەرقافڵەی ناگوتنەوە بە کۆماری ئیسلامی.