کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: لانیکەم ۱۰۰ خۆپیشاندەر مەترسیی سێدارەیان لەسەرە

15:54 - 24 خەرمانان 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کرد کە لانیکەم ۱۰۰ دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ۱۳ پارێزگای ئێراندا ڕووبەڕووی سزای سێدارە بوونەتەوە؛ لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە ڕێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دەیەی ۱۳٦۰ەوە.

بەپێی ئامارە بەڵگەکراوەکانی ئەم ڕێکخراوە، پارێزگای ئێسفەهان بە ٤٦ کەس زۆرترین ژمارەی سزای سێدارەی تێدا تۆمار کراوە، پاش ئەوەش پارێزگاکانی تاران و ئەلبۆرز بە کۆی ۲۲ کەس، پارێزگای فارس بە ۱۰ کەس، ٧ کەس لە خۆراسانی ڕەزەوی، ٥ کەس لە مەرکەزی، ٣ کەس لە یەزد و ٢ کەس لە سێمنان لەم لیستەدا تۆمار کراون.

لە پارێزگاکانی خۆراسانی باکوور، گیلان، ئەردەبێڵ، ئیلام و قەزوێنیش لە هەرکامیاندا کەسێک ڕووبەڕووی سزای سێدارە بووەتەوە.

لەنێو ئەم ۱۰۰ کەسەدا کە حوکمی سەرەتایی سێدارەیان بۆ دەرچووە، لانیکەم پێنج ژن و پێنج مێرمنداڵی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵ هەن.

ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی ەاشکاو نەبوون و شاردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئەم ژمارەیە تەنیا بەشێک لە ئامارە ڕاستەقینەکەیە.

هەروەها بەڵگەی پێشێلکاریی سیستماتیک، بێبەشکردنی تۆمەتباران لە پارێزەر و بەکارهێنانی ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەڵگەدار کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ۱۸ی مارسەوە تا ئێستا ۳۱ خۆپیشاندەر، ۱۳ بەندکراوی سیاسی و ۱۴ کەس بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە دراون.

بەم پێیەش ڕێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی خاوەن پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕێژیم کردووە ڕاگرتنی بەپەلەی سێدارەکان بکەنە مەرجی سەرەکی لە دانوستانەکانیاندا.