کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئەهوازی لەمەڕ خراپیی دۆخی ژینگەی ئەو هەرێمە بەردەوامە

14:18 - 8 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: نالەباری و خراپیی ژینگەی هەرێمی ئەهواز و لادانی ئاوی رووباری کاروون بۆ دەشتەکانی ناوڕاستی ئێران، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئەهوازی لێ کەوتەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی زنجیرە کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە رووباری کاروون لە ئەهواز لەمەڕ پێشگیری لە لادانی ئاوی ئەو رووبارە بۆ دەشتەکانی ناوەڕاستی ئێران، دوانیوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی لە ئەهواز خۆپیشاندانێکی دیکە بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندەران و ناڕازییان بە بەرزکردنەوەی پلاکارت لە قەراخەکانی رۆژئاوای رووباری کاروون، ناڕەزایەتیی خۆیان لە راگواستن و لادانی ئاوی رووباری کاروون دەربڕی و خوازیاری ئەوە بوون کە پێڕاگەیشتنی خێرا بە دۆخی نالەباری و مەترسیداری ئاو و هەوای ئەهواز بکرێ.
ناڕازییان تووڕەیی خۆیان لەهەمبەر شێواندنی ژینگەی ئەهواز لەلایەن شیرکەتەکانی سەربە وەزارەتەکانی نەوت، وزە و کەشاوەرزی دەربڕیبوو.
بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە ئەمنیەتی، لیباس شەخسی و ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رژاونەتە سەر خۆپیشاندەران و هەڕەشەی کوشتن و دەسبەسەر کرانیان لێ کردوون و هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک هەواڵنێر دەرگیر بوون و هەڕەشەیان لێ کردوون کە نابێ ئەو خۆپیشاندانە رووماڵ بکەن.
ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی هاتنی بارانی ئەسیدی و خراپ بوونی کەش و هەوا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەردیلەکانی ئورانیۆم، زیاتر لە ٢٠ هەزار هاووڵاتیی ئەهوازی رەوانەی نەخۆشخانە کران.