کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری باڵای کۆنگرەی ئامریکا: دەبێ بەرنامەی وەزه‌ی ناوکی رێژیمی ئێران لابردرێت

16:18 - 15 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمیتەی لاوەکیی کاروباری رۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئافریقا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا لەنێو بردنی یەکجاریی بەرنامەی وەزی ناوەکی ئێرانی لە شەش وڵاتی زلهێزی جیهان داوا کرد.
ئێلینا روز لێتین، ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا و بەرپرسی کۆمیتەیەکی کاروباری رۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئافریقا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەو وڵاتە ، لە بەیاننامەیەکدا بۆ چەندوومین جار سەبارەت بە هەرشێوە رێکەوتنێکی زلهێزەکان لە گەڵ رێژیمی ئێران بە دەوڵەت ئامریکا هوشداری دا.

ئەم ئەندامە باڵایەی کۆنگرەی ئامریکا لە وتەکانی خۆی جەختی لەسەر رێگەپێنەدان بە بەرنامەی وەزی ناوکی رێژیمی ئێران کرد و هەروەها وتی کە هیچ نیشانەیەک لە هەوڵدان بۆ پێشگیرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی دیار نییە.

پێشتریش، ئیلینا روز لێتینن، لە نامەیەکدا بە ئوبامای راگەیاندووە کە ئامانج لەو گەمارۆ ئابوورییەکانەی کە بە سەر رێژیمی ئێران دا سەپاوە، تەنیا هێنانی ئەم رێژیمە بۆ سەر میزی وتووێژ نەبووە بەڵکوو دەست هەڵگرتنی لە هەلپەرەستیی لە بواری وزەی ناوکی، راگرتنی سەرجەم هەوڵەکانی پیتاندنی ئورانیۆم، رێگەپێنەدانی هەڵسووڕانی ژێرخانە ناوکییەکان، راگرتنی یەکجاریی پیتاندنی ئۆرانیوم و لەکار خستنی ژێرخانی وەزی ناوکیی رێژیمی ئیسلامی بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، بنیامین نتانیاهۆ لە لێدوانێکدا لە دانیشتنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مانگی رەزبەر بەڕێوەچوو، بە پێداگری لە سەر مەترسیدارتر بوونی رێژیمی ئێرانی تەیار بە چەکی ناوکی لە هەڕەشەی داعش، خوازیاری لەنێو بردنی پۆتانسیێڵی بەرهەم هێنانی چەکی ناوکیی ریژیمی ئێران بوو.

هەروەها، واشێنگتۆن پۆست لەم پێوەندییەدا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە لە کاتێکدا کە دەرفەتی رێکەوتنی ناوکی رێژیمی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان بەرەو کۆتایی دەچێت، دوورەدیمەنی گەیشتن بە رێکەوتنێکی یەکجاری ناڕوونتر دەبێت.

واشینگتۆن پۆست لە درێژەدا جەختی لە سەر پابەند نەبوونی رێژیمی ئێران بە هەر جۆرە رێکەوتنێک کردووە و نووسیویەتی کە ئەو رێژیمە لەگەڵ دەستپێڕاگەیشتنی بە کەرەستەکانی بەرهەم هێنانی چەکی ناوکی، هەر جۆرە رێکەوتنێک وەک تەواوی رێکەوتنەکانی‌تری ئەو رێژیمە لەگەڵ وڵاتە رۆژئاواییەکان، پێشێل دەکات.