کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە پارلمانی نۆروێژ سیاسەت و تێروانینی حیزبی دێموکراتی لە سەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بۆ هەیئەتی پارلەمانی نورویژ باس کرد

14:18 - 13 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی پارلەمانی نوروێژی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بە سەرپەرەستی لوقمان ئەحمەدی سەردانی پارلەمانی نوروێژیان کردو لە لایەن هەیئەتێکی پارلەمانی SV حیزبی چەپی سوسیالیست بە سەرپەرەستی (Heikki Eidsvoll Holmås‌) هەیکی ئەیدزڤوڵ هۆڵمۆس پێشوازیان لێ کرا.

لەم دیدارەدا نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرارتی کوردستانی ئێران، سیاسەت و تێروانینی حیزبی دێموکراتی لە سەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بۆ هەیئەتی پارلەمانی نورویژ باس کرد. ناوبراو باسی لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەو ئاڵۆزیانە و فراوانتربوونی لە ناوچەکە کرد و پێی وابوو کە ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە چالاکانە کار بۆ خراپتربوونی بارودۆخەکە و درێژەکێشانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەکات.

لە سەر ڕێککەوتنی وڵاتانی ٥+١ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لایەنی نوروێژی دڵنیا کردەوە کە کۆماری ئیسلامی جێگای متمانە نییە و ئەو رێژیمە هیچ کات واز لە هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی ناهێنێ.

پاوانخوازی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەو حکومەتە واز لە وەدەستخستنی چەکی ناوکی ناهێنێ؛ بۆیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە بە وریاییەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران مامەڵە بکات.

بارودۆخی کورد بە گشتی و پێوەندییەکانی هەر دوو حیزب لە داهاتوودا، بەشێکی دیکەی باسەکانی دیدارەکەی هەیئەتی حیزبی پێک هێنا.