کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییانی موورمووری بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە بەردەم دەرگای بەخشداری مانیان گرت

20:38 - 24 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی لێقەوماوی موورمووری بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی ناوەندەکانی رێژیم پاش بوومەلەرزەکەی دوێنێ، لە بەردەم درگای بەخشداری مانیان گرت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٤ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییانی دانیشتووی بەخشی موورمووری پارێزگای ئیلام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە بەردەم بەخشداریی موورمووری ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بە پێی راپۆرتەکان، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە بەردەم دەرگای بەخشداریی موورمووری ناڕەزایەتییان دەربڕی و مانیان گرت.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لەلایەن ناوەندە پێوەندییدارەکانی رێژیمەوە کە ئەرکی دابینکردنی خێوەت و ئیمکاناتیان بۆ هاووڵاتییان لە ئەستۆیە، هیچ کەرەستەیەکی پێویست و سەرەتایی بۆ هاووڵاتییان دابین نەکراوە.

سەرەڕای ئەوە کێشەیە ئەو خێوەتانەی کە دراوە بە هاووڵاتییان بە کەڵک نایەن و لە بەرانبەر و باران و با هیچ خۆڕاگرییەکیان نییە.

کاتژمێر ٥ و ٥ خولەکی پاش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی بوولەرزەیەک بە گوژمی ٥،٦ ریشتەر، موورمووری هەڵکەوتوو لە باشووری رۆژهەڵاتیی پارێزگای ئیلام لە سنووری پارێزگای خووزستانی هەژاند.
دوابەدوای ئەم بوومەلەرزەیە، پاش‌لەرزەیەک بە گوژمی ٤،٣ ریشتەر هەر ئەو ناوچەیە هەژاند.
لەم پێوەندییەدا، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٦،١ ریشتەر، شاری موورمووری هەژاند و سەرەڕای زیانێکی ماڵی بەرچاو سەدان برینداری لێکەوتەوە.
دوای بوومەلەرزەی کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، وەزیری رێگە و شارسازیی رێژیم سەردانی ناوچەی موورمووری کرد کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی توندی هاووڵاتییانی کورد بەرەوڕوو بوو کە داوای دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانیان دەکرد.

ئەو هاووڵاتییانە داوای دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، مەوادی غەزایی و خێوەتی نیشتەجێ بوون و هەروەها قەرەبووی زیانەکانیان لە بنکە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد و لە دروشمەکانی خۆیان روو لە وەزیری رێژیم ئیسلامی وتیان: \'\'بەرپرسانی رێژیم تەنیا دروشم دەدەن و هیچ وادە و بەڵێنییەک بەجێ ناگەینن.